پەرلەمانتارێك: داهاتی نه‌وتی كه‌ركووك بۆ حەشدی شەعبی و گرووپی 16ی ئۆکتۆبەرە

“لە كۆی ١٢ كۆمپانیا كە نەوتی كەركووك بۆ ئێران دەگوازنەوە چواریان سەر بە گروپێكی یەكێتین”

نوێنه‌رێكى كه‌ركووك له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاشكڕای دەكات كە دواى خیانه‌تی 16ى ئۆكتۆبه‌ر و ڕاده‌ستكردنى كه‌ركووك و خورماتوو به‌ میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی، ئێستا گروپێكی یەكێێی و حەشدی شەعبی خه‌ریكى ئاودیوكردنى نه‌وتى كه‌ركووكن بۆ ئێران به‌ شێوه‌ى قاچاخ.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا، نوێنه‌رى كه‌ركووك له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ڕای گه‌یاند: “بابه‌تی بردنى نه‌وت له‌دواى داگیركردنى كه‌ركووك تاوه‌كوو ئێستا به‌رده‌وامه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ به‌شێك له‌ به‌رپرسانى یه‌كێتیی وا لێ كردووه‌ بێ ده‌نگ بن و چاوپۆشی بكه‌ن له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو كرده‌وه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی، كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت، بۆ بردنى نه‌وته‌ و به‌ڵگه‌م لایه‌ له‌ كۆی 12 كۆمپانیا كه‌ ئه‌ركیان گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى كه‌ركووكه‌ له‌ ڕێگاى تانكه‌ره‌وه‌ بۆ ئێران، چوار كۆمپانیایان هی سه‌رانی 16ی ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتین، ته‌نانه‌ت ناوى چوار كۆمپانیاكه‌ به‌ ناو لامه‌ و ئه‌و چوار كۆمپانیایه‌ ئه‌ركیان تەهریبکردنی نه‌وتى كه‌ركووكه‌ و كۆمپانیاكانى تریش سه‌ر به‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبین“.

گوتیشی: ”كه‌ركووكىیەکان ڕه‌نگه‌ هه‌ر ماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕێ بكه‌ن كه‌ بكرێنه‌ قوربانى نه‌وت، ئه‌و كاته‌ ده‌زانن چۆن ده‌توانن ڕێگر بن له‌ فرۆشتن و بردنی نه‌وتى شاره‌كه‌یان و ئه‌م بابه‌ته‌م له‌گه‌ڵ كۆنسوڵی به‌ریتانیاش باس كردووه‌”.

ئەو پەرلەمانتار کەرکووکییەی پەڕلەمانی عێراق ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ى كه‌ بۆ سنوورى ناوچه‌ى داوده‌ى سه‌ر به‌ خورماتوو له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه‌ كرا، جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ هێنانى میلیشیاكان بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگرتنی بیره‌ نه‌وته‌كانى گوندى په‌ڵكانه‌ بوو، كه‌ ئه‌ویش ده‌ستى ده‌وڵه‌تێكى هه‌رێمیى تێدابوو، كه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كداریان هێنا بۆ ئه‌و سنووره‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ داگیر بكه‌ن، ده‌نا له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا هیچ شه‌ڕێك له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كدارانه‌ى كه‌ به‌ (ئاڵا سپییەكه‌) ناسراون نه‌كرا، هه‌ر خۆیان به‌شێك له‌ تیرۆریستانى داعشی سنوورى حه‌ویجه‌یان بردبووه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌.

شاخه‌ون عه‌بدوڵا، پیلانێكى تری مه‌ترسیداری ئاشكرا كرد و ڕای گه‌یاند: “پیلانێكى تری مه‌ترسیداریش هه‌بوو كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی ناوچه‌ى داوده‌ ده‌ست بگرن به‌سه‌ر كێڵگه‌ى كۆرومۆریش له‌ سنوورى ناحیه‌ی قادركه‌ره‌مى سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى چه‌مچه‌ماڵ، بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى كۆمپانیای غازى سروشتی و نه‌وتى كێڵگه‌ى ئه‌و سنووره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌یان بۆ ئێستا نه‌چووه‌ته‌ سه‌ر، به‌ڵام تاوه‌كوو گرووپی 16ى ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتی له‌و سنووره‌ بن، پێده‌چێت رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌و سنووره‌ش ڕاده‌ستى حه‌شدى شه‌عبی بكه‌ن“.

گوتیشی: “داهاتى بردنى نه‌وتى كه‌ركووك له‌ ڕێگاى تانكه‌ره‌وه‌ بۆ ئێران بۆ حكوومه‌تى عێراق نه‌چووه‌، به‌ڵكوو بۆ كه‌سانى به‌رپرس و مافیا و گرووپی 16ى ئۆكتۆبه‌ری ناو یه‌كێتی و حه‌شدى شه‌عبی چووه‌”.

پێشتر ئاژامسی پەیامنێر بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ى حه‌شدى شه‌عبی بۆ ناوچه‌ى داوده‌، به‌بیانووى بوونى هێزه‌ نه‌ناسراوه‌كه‌ یان هه‌ندێك جار پێیان ده‌گوترێت (هێزى ئاڵا سپییەكه‌)، كه‌ له‌ گوندى په‌ڵكانه‌ له‌ سنوورى ناوچه‌ى داوده‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی شارى خورماتوو ده‌ست پێ كردووه‌، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی 5 بیره‌ نه‌وتی سنوورى په‌ڵكانه بوو‌، ئێستاش حه‌شدى شه‌عبی ده‌ستی به‌ سه‌ر ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌دا گرتووه‌.

ھەروەھا پێشتر ئاشكرا كرابوو، كه‌ له‌به‌رامبه‌ر بردنی نه‌وتى كه‌ركووك له‌ ڕێگاى تانكه‌ره‌وه‌ بۆ ئێران، گرووپی 16ى ئۆكتۆبه‌ری ناو یه‌كێتی، ڕۆژانه‌ بڕی یه‌ك ملیۆن دۆلار وه‌رده‌گرن.

هاوكات سالار مه‌حمود، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ ئه‌كاونتى خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، كورد بلۆكى نه‌وتى (په‌ڵكانه‌)ى له‌ده‌ست دا، به‌ بیانووی په‌لاماردانى ئه‌و هێزه‌ ناسنامه‌ نادیاره‌ی له‌پشتی كفری-خورماتوو جێگیر كران، سوپای عێراق كێڵگه‌ى نه‌وتی (په‌ڵكانه‌)ى كۆنتڕۆڵ كردووه‌ و ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت.

په‌رله‌مانتاركه‌ى فراكسیۆنى یه‌كێتی، روونى كرده‌وه‌، گه‌رمیان ده‌ڤه‌رێكى ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ سامانى سروشتی و كانزا، به‌ڵام خێروبێری بۆ ناوچه‌كه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكوو چه‌ند كۆمپانیایه‌كى نه‌وتی بیانی و ناوخۆیی به‌ رێگاپێدانی وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان وه‌به‌رهێنانى تێدا كردووه‌، به‌شێكى زۆری ئه‌و ناوچانه‌ى كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى تێدایه‌ ناوچه‌ى زیانلێكه‌وتووی ده‌ستى رژێمى به‌عس بوون و دانیشتووانه‌كه‌ى ئه‌نفالكراون.

سالار مه‌حمود، ئاشكرای كرد، بلۆكی نه‌وتى په‌ڵكانه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان شاری خورماتوو و ناحیه‌ى جه‌باره‌ و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و قه‌زایه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كى جێناكۆكه‌ و به‌پێی ڕاپۆرتى (سكۆتیا كاپیتاڵ) بڕی 1.58 ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه‌ و ئه‌م كێڵگه‌یه‌ پشكی %60ى دراوه‌ته‌ كۆمپانیای شاماران پیترۆلیۆم و %20ی پشكى پیت ئۆیلی توركییه‌ و %20ی پشكی كیپكۆیه‌، واتا حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان.

ئاشكراشی كرد، ئه‌و هێزه‌ ناسنامه‌ نادیاره‌ له‌ میدیادا به‌ (هێزى ئاڵا سپییەكه‌) ناسراوه‌ له‌ ئه‌نجامى نابه‌رپرسیارێتی و كه‌مته‌رخه‌می و بێباكی، ئه‌و كێڵگه‌ گرنگه‌ش له‌ده‌ست درا، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر ئاسه‌واره‌ خراپه‌كانى ئه‌و هێزه‌مان داوه‌ته‌ لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كان، به‌ڵام وه‌ك پرسه‌كانى تر به‌ ئه‌ركى یاسایی خۆیان هه‌ڵنه‌ستاون.

باس + ئاژانسی پەیامنێر

ھەواڵی زیاتر