پچڕانی پەیوەندی نێوان حكومەتی كوردستان و توركیا لە بەرژەوەندی كێیە ؟ ئامانج لە پێشنیاری پچڕانی پەیوەندی توركیا و ھەرێم چیە ؟

پچڕانی پەیوەندی نێوان حكومەتی كوردستان و توركیا لە بەرژەوەندی كێیە ؟

ئامانج لە پێشنیاری پچڕانی پەیوەندی توركیا و ھەرێم چیە ؟

سەرتا من كەسێكی نیمچە نەتەوەپەرستم، بەلای منەوە خەلكی (توركیا و ئێران و عێراق و سوریا) دوژمنی ھەمیشەیی و نەگوڕی گەلی كوردن، ئینكاری لە دڕندەیی ئەم چوار ولاتە ناكرێت بەرامبەر بە كورد، بەلام ناكرێت ھەموو پەیوەندیەكانمان لەگەل ئەم وڵاتانە بپچڕێنین، چونكە ئێمە چوار رێگامان ھەیە و ھەموو ڕێگاكان بەدەست ئەم چوار وڵاتانەوەن، ئێمە نە خاوەنی بەندەری هامبانتوتاین و نە بەندەر عەباس و جەیھانمان ھەیە و شیمالی ئیمەش لە شیمالی ئێران ناچێت تا لە رێگایەوە بەبێ گوێدانی ئابلوقەی نێودەولەتی ئاڵوگوڕی بازرگانی لەگەل رووسیا بكەین ، ئەگەر بمانەوێت بژین، دەبێت ھەندێك ڕابردوو لەبیر بكەین بۆ ئەوەی بتوانین داھاتوو بنیات بنێین.

ئەسلی بابەتەكە، لە ئێستادا تاكە ھەناسەی ئێمە توركیا و ئێرانن، مەبەستم خاكی توركیا و ئێرانە نەك توركی فاشست و نەتەوەپەستی توندڕەو فارسی عەمامەبەسەری موعتاد.

نمونەی زیندۆ ئەوەیەكە ھەموو پێداویستیەكانی ئێمە لەم دوو وڵاتەوە دابین دەكرێت، بیر بكەوە، تەنھا لە چوار دیواری WCـیەكانمان چی ھەیە ؟ كاشی ئێرانی و توركی، كاسك ئێرانی و توركی، مەسینەی ئێرانی، نەعلەی ئێرانی، شامپوی توركی، پلاستیكی ئێرانی و توركی، خەلاتی توركی، مەغسەلەی ئێرانی، ئەمانە تەنھا لە نێوان ٢ مەتری خانوەكانماندا ھەن.

ئاشكرایە كە دوای ریفڕاندۆمی ھەرێمی كوردستان تاكە ولات ھیچ كاردانەوەی خراپی نەبوو، ولاتی توركیا بوو، كاردانەوەكانی توركیا تەنھا داخستنی كـ٢٤ و رووداو بوو لە مانگی دەستكردنی توركسات، ئەو دەیتوانی تەنگمان پێ ھەلچنێت و ئەو روبعە مووچەیەش ببڕێت و بەتەواوی سقوتمان بكات، بەلام نەیكرد!

ھەر توركیا بوو گەماروی دیبولۆماسی سەر كوردستانی شكاندن و سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە رێگای توركیاوە سەردانی كوشكی ئیلیزی كرد.

من پێموایە بژاردەی پچڕاندنی ھەموو پەیوەندیەكان لەگەل توركیا، ئامانج لێدانە لە حكومەت، ئەوان دەزانن توركیا نەبێت، ئەم روبعە موچەیەش نابێت، ئەوكات دەتوانن لە سەرشەقامەكان زیاتر بقیژێنن و بیلێنەوە “عەباااادی عەباااادی”.

بیانوی پچڕانی پەیوەندیەكان گوایە بەھۆی لەشكركێشی توركیایە بۆ سەر عەفرین و پەكەكە!

ئایا پەكەكە ئامادەبوو لەكاتی لەشكركێشی حەشدی شەعبی بۆسەر كەركوك و ناوچەكانی دیكە تەنھا بەیاننامەیەك دەربكات ؟

بەپێچەوانەوەی دوو رۆژ دوای ھێرشی حەشد بۆ سەر فیشخابوور و شكاندنی ھێرشەكە لەلایەن پێشمەرگەوە، یەپەگە و حەشدی شەعبی لە دەروازەی سنووری رەبیعە رێكەوتنیان واژۆ كرد، ١٢ كاتژمێر دوای داگیركردنی شنگال، پەكەكە و حەشد پوستە ئیداریەكانی ئەم ناوچەیەیان دابەشكرد.

بەلێ من لەگەل ئەوەم حكومەتی ھەرێم باشترین رێكەوتن و لێكتێگەیشتنی ھەبێت لەگەل حكومەتی توركیا، ئەمە واتای شەرعیەتدان نیە بە توركیا بۆ داگیركردنی خاكی كوردستان، توركیا فاشستە، خاوەنی ھەزاران چەكداری تیرۆرستە، لەشكركێشی بۆ سەر عەفرین داگیركاریە و تەمەنای شكانی لوتی سەربازانی توركیا دەكەم.

بەلێ من لەگەل ئەوەم حكومەتی ھەرێم باشترین پەیوەندی لەگەل تاران ھەبێت، ھەرچەندە ھۆكاری سەرەكی داگیركاری كەركوك بوو، ئەو بەشكی پێشمەرگەی ناچاركرد بكشێتەوە، بەلام ئێدی ئەمە سیاسەتە، دەبێت فێری نواندن بین، سیاسەت بە عاتیفەوە ناكریت، توندڕەوی و دڵ ڕەقی و بەرژەوەندی بەشێكی گرنگی سیاسەتن.

توركیا چی بە عەبادی گوت؟ لەسەرۆبەندی رووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر حەیدەر عەبادی بە فەرمی داوای لە توركیا كرد ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھان ڕابگرێت، لەبەرامبەردا توركیا داوای ٤ ملیار دولار قەرەبووی كرد، ئەمیش داوایەكی مەحال و وەھمی بوو، چونكە توركیا دەیزانی عێراق ١٣٨ ملیار قەرزدارە و ناتوانێت ٤ ملیار وەك قەرەبوو بە توركیا بدات لەبەرامبەر ڕاگرتنی نەوت بۆ بەندەری جەیھان، كە لە ئێستادا تاكە سەرچاوەی روبعە قوتی خەلكی كوردستانە.

توركیا ئێمەی لە ژەھری كوشندەی عەبادی و ئێران و بەریتانیا و گروپێكی كورد ڕزگار كرد و كەمێك ھەناسەی بۆ گەڕاندینەوە.

بەلێ تورك دوژمنی كوردە و كوردیش دوژمنی ئەو، جیاوازە لەوەی توركیا و كوردستان ڕێكەوتنیان ھەیە و لە بەرژەوەندی ھەردوولایە و دەیانەوێ وەك دوو قەوارەی ھاوسێ پەیوەندیان ھەبێت نەك لەسەر ئەساسی نوكەری كردن بۆ یەكتری…

ھەكار ھەركی

ھەواڵی زیاتر