موسەننا ئەمین هەوڵێکی بەرهەم ساڵح بۆ پێدانی پۆستێکی سیادی بە کەسێکی عەرەب ئاشکرا دەکا

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد کە بەرهەم ساڵح هەوڵ دەدات پۆستێکی سیاسی بە کەسێکی عەرەب بدرێت و بە کوردێک نەدرێت.

 

موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕایگەیاند: ”من بەربژێرم بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە پۆستێکی سیادییە و پشتیوانیی حزبە کوردستانییەکانم ھەیە و چوار ساڵ ئەزموونم لەگەڵ ئەو پۆستە ھەیە، لە خولی پێشووشدا بەداخەوە لە دەرەوەی کۆدەنگیی کوردی، پۆستەکە وەرگیرا، بۆیە داوادەکەم ئەو مافەی خۆم وەربگرمەوە“.

 

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ”ھەندێک لە بەرپرسە عێراقییەکان، بەھەموو توانایانەوە دەیانەوێت ئەو پۆستە بدرێتە کەسێک لە ھاوپەیمانیی بەغدا“.

 

موسەننا ئەمین ئاشکرای کرد کە بەرهەم ساڵحیش چووەتە پاڵ ئەو بەرپرسە عێراقییەکان و ”پشتیوانیی کەسێکی دیکە دەکات و لە بەرەی ئەودایە تاوەکوو من پۆستەکە وەرنەگرم“.

ھەواڵی زیاتر