عەلی عەونی بە توندی وەلامی ئارێز عەبدوڵا دەداتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی ئایاری ٢٠١٩، ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، پارتی دیموکراتی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کرد کە کێشەی ناوخۆیی هەیە و ڕای گەیاند کە پێویستە یەکێتی هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لە جێگەی پارتی دەست پێ بکات.

 

لە بەرامبەردا عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ”ئەو برادەرانەی لە بەغدا گەڕاونەتەوە و بێئیشن، بۆ خۆیان بە دوای ئیشدا دەگەڕێن. بە داخەوە تێڕوانینێکی زۆر ئاست نزم لە سلێمانی درووست کراوە کە هەر کەسێک دژایەتیی پارتی بکات و لە دژی پارتی قسە بکات، دێتە بەر چاوان و گرنگ دەبێت. خۆشبەختانە بۆ ئەوان پارتی هێشتا سەرچاوەی ڕسقە و هەرکەس دەیەوێت شتێکی دەست کەوێت، بە دژایەتیکردنی پارتی رسقی خۆی دەست دەخات“.

 

جەختیشی کردەوە کە ”ئارێز عەبدوڵا بەدوای پۆستدا دەگەڕێت، بۆیە ئەو قسانە دەکات، ئەگینا دەزانێت کە هەر لەسەرەتاوە یەکێتی ئاستەنگی یەکەمی پێکهێنانی حکوومەت بوو لە زۆر داواکردنی پۆست، هەر ئەو باڵباڵێنە دژوارەی ناو یەکێتی هۆکارە کە نایەڵێت حکوومەت پێک بێت، چونکە داوای پۆستی زۆر دەکەن“.

 

عەلی عەونی نەیشاردەوە کە بەپێی شایستەی هەڵبژاردن و سەرجەم بنەماکان، یەکێتی تەنیا مافی پێدانی ٤ وەزارەتی هەیە، بەڵام ”پارتی بە لوتفەوە ئامادەیە زیاتریشیان بداتێ، کەچی دادیان نادات و ئەو پۆستانە بەشی هەموو باڵەکانی ناو یەکێتی ناکات، بۆیە پێکنایەن“.

 

لەبارەی پاساوهێنانەوەکەی سەرکردەکەی یەکێتی کە گوایە وادەی یاسایی بۆ پێکهێنانی حکوومەت کۆتایی هاتووە، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی ڕای گەیاند: ”ئارێز عەبدوڵا ئەو ماوە درێژەی لە پەرلەمان ئیشی کردووە، فێری هیچ کارێکی پەرلەمانی نەبووە، ئەو نازانێت سەرۆکی حکوومەت رانەسپێردراوە هەتا ماوەی یاسایی تەواو ببێت، بەپێچەوانەوە ئەوە یەکێتییە کە نەیتوانیوە سەرۆکی پەرلەمان دابنێت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە خۆیان پێک نەهاتوون. پارتی هیچ کات کێشەی لە ناوخۆدا نییە، لە مێژووشدا دەرکەوتووە کە کێ ئینشیقاقی تێدەکەوێت و کێ چی لێ دێت“.

 

باسیشی لەوە کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا هەرچەندە پارتی دەیتوانی بەبێ یەکێتی حکوومەت پێک بهێنێت، بەڵام لە لایەکەوە یەکێتی ”چەپ و ڕاست هەڕەشەی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆیی و ئەوانەیان“ دەکرد، لەلایەکی دیکەشەوە ”ئێمە پێمانوایە کە باشترە یەکێتی لە حکوومەت بێت، چونکە ئەگەر لە دەرەوەی حکوومەت بێت، نەک کێشە بۆ حکوومەت درووست دەکات، بەڵکوو هیچ مانعی نییە کێشە بۆ خودی هەرێمی کوردستانیش درووست بکات، وەک چۆن لە ١٦ی ئۆکتۆبەر درووستیان کرد، ئەمە پێشبینیکراوە کە ئەگەر لە حکوومەت نەبن و ئیدارە نەدرێن، کەتنی زۆر گەورەتریش بکەن“.

ھەواڵی زیاتر