كوێ ئارامە !؟

“سلێمانی ئارامترین شاری جیهانە”

بیروڕا- محەمەد رەئوف

لەبەردەم تەواوی سەركردە سەربازی و سیاسیەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە گوندی باخانی قەرەداغ و لەكاتی فێستیڤاڵی ئیل بەگی جافدا، گەنجێك كوژراو بكوژەكەش هەڵات، لە كاتێكدا دەبوو ئەو شوێنە ئارامترین شوێن بووایە، بەو پێیەی تەواوی سەركردە سیاسی و سەربازی و ئەمنیەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەوێ بوون و هەریەكەیان بە دەیان پاسەوان و هێزی سەربازیان لەگەڵ بوو.

– كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، لە ئێستادا فەرماندەی گشتی هێزی یەكێتیە لە سنورەكە

– بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی

– جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی

– حاكم قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی

– مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و فەرماندەی سەربازی

– لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاری

– بافڵ تاڵەبانی كارەكتەری بەهێزی ماڵباتی تاڵەبانی

– حامیدی حاجی غالی و عەدنان حەمەی مینە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی و دەیان سەركردەو فەرماندەی سەربازی دیكەی یەكێتی لەوێ ئامادەییان هەبووە

بەڵام لەگەرمەی ئاهەنگی خۆشی و شادیدا كەسێك گەنجێك دەكوژێت و بكوژەكەش بەبەرچاوی هەموویانەوە هەڵدێت، كە هەرلەبەر پاراستنی هەیبەتی سیاسی و سەربازی خۆیان دەستگیریان بكردایە.

پێشتر پارێزگاری سلێمانی وتی سلێمانی ئارامترین شاری جیهانە، ئێستا ئەتوانێت پێمان بڵێت ئارامی لە كوێدایە لەكاتێكدا لەبەرچاوی بەرپرسانی گەورەی وڵاتەوەو تاوانی خۆی بكات و بەئاسانی دەربچێت؟ خەریكە كوشتن و رفاندنی رۆژانەو مەرگی خراپی رێگاو بانەكان دەبێتە شوناسی پارێزگا ” ئارامەكە”ی جیهان.

ھەواڵی زیاتر