یه‌كێتی له‌ كه‌ركووك لە دۆخێکی ناله‌باردایە

وێڕای ئه‌وه‌ى یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان باره‌گاكانیان كراوەن له‌ كه‌ركووك و به‌شێك له‌ به‌رپرسانیان دۆخی كه‌ركووك له‌ رووى ئه‌منى و سیاسییه‌وه‌ به ”‌ئاسایی“ ناو دەبەن، به‌ڵام لادانى به‌رپرسانی ئه‌و حزبه‌ له‌ پۆسته‌كانیان درێژه‌ى هه‌یه‌ و لە چەند رۆژی رابردوودا به‌رپرسێكى یه‌كێتی له‌سه‌ر سکاڵای عه‌ره‌بێك ده‌ستگیر كرا.

چاودێرانی دۆخی كه‌ركووك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ راسته‌ یه‌كێتی دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ریش له‌ شاره‌كه‌ مایه‌وه‌، به‌ڵام هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نییه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ خاوه‌نى ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و په‌رله‌مانتاریشن، كه‌چی به‌رپرسانیان له‌ پارێزگاكه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن، هه‌روه‌ها له‌ كاره‌كانیان دوور ده‌خرێنه‌وه‌ و عه‌ره‌ب له‌ شوێنه‌كانیان داده‌نرێت.

هاوكات چاودێرانی دۆخی كه‌ركووك ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ ڕوو، كه‌ پێویسته‌ دۆخی كه‌ركووك هه‌رچی زووه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌ و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازى له‌ شاره‌كه‌ بهێنرێت، چونكه‌ به‌و دۆخه‌وه‌ ئێستا هیچ شه‌رعییه‌تێك بۆ داموده‌زگا شه‌رعییه‌كانى كه‌ركووك نه‌ماوه‌، له‌ولاشه‌وه‌ یه‌كێتی، كه‌ خۆیان به‌ حزبی گه‌وره‌ له‌ كه‌ركووك ده‌زانن و خاوه‌نى چه‌ندین باره‌گان، كه‌چی هیچ ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌ و ئێستا دۆخه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك، له‌سه‌ر سكاڵای عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان به‌رپرسی یه‌كێتی ده‌ستگیر كراوه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ئازاد رۆسته‌م، به‌رپرسی كۆمیته‌ى یه‌كێتی له‌ داقووق، بۆ پەیامنێر رای گه‌یاند، له‌سه‌ر سكاڵای هاووڵاتییه‌كى عه‌ره‌ب، ئیدریس عادل، به‌رپرسی پێشووى كۆمیته‌ى داقووقی یه‌كێتی، ده‌ستگیر كرا.

ئاشكراشی كرد، ئه‌و هاووڵاتییه‌ عه‌ره‌به‌ سكاڵاكه‌ى له‌ دادگا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ پێشتر كاتێك ئیدریس عادل به‌رپرسی كۆمیته‌ بووه‌، خانوویه‌كى سووتێنراوه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتی له‌ سنووره‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌و بابه‌ته‌وه‌ نییه‌.

ئازاد رۆسته‌م، روونى كرده‌وه‌، كه‌ ئیدریس عادل ماوه‌ى چوار رۆژ ڕاده‌گیرێ (ته‌وقیف) ده‌كرێت.

ئیدریس عادل، ئێستا پله‌ى له‌نێو یه‌كێتی جێگرى لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووكى یه‌كێتییه‌ و به‌ربژێری ئه‌و حزبه‌ش بوو له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق له‌ كه‌ركووك.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌، لادانی به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌ پۆسته‌كانیان به‌رده‌وامه‌ و دواى ئه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی داموده‌زگا حكوومییه‌كانى كه‌ركووك، كه‌ یه‌كێتی بوو له‌ پۆسته‌كه‌ى لادرا، ئێستاش به‌پێی زانیارییه‌كانى (پەیامنێر)، له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا عه‌مید یادگار شكور، به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى ناوخۆی پارێزگاى كه‌ركووك له‌ پۆسته‌كه‌ى دوور خرایه‌وه‌ و له‌ شوێنه‌كه‌ى ئەودا ئه‌فسه‌رێكی عه‌ره‌ب دانرا.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ تاوه‌كوو ئێستا، زیاتر له‌ 200 به‌رپرسی ئیدارى و ئه‌منیی پارێزگاى كه‌ركووك، كه‌ كوردن و زۆرینه‌یان له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتی پۆسته‌كانیان وه‌رگرتبوو لادراون و كه‌سانى عه‌ره‌ب له‌ شوێنه‌كانیان دانراوه‌.

ھەواڵی زیاتر