سەعدی ئەحمەد پیرە : شێخ جەعفەر بوو تەقەی لە گۆری نەوشیروان مستەفای کرد

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١١ مانگ بەسەر پەلاماردانی چەکداریی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان لەنێو شاری سلێمانی، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دان بەوەدا دەنێت کە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی پەلاماری بارەگاکەی گۆڕانی داوە، بەڵام بابەتەکە بە ”کەسی“ ناو دەبات.

 

ئێوارەی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا و بەهۆی ساختەکارییەکی بەربڵاو کە یەکێتی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین ئەنجامی دابوو، بەپەلە چەند حزبێک لە مەکۆی سەرەکیی گۆڕان کۆبوونەوە، بەڵام لەڕێگەی چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازییەوە بە چەکی (دۆشکە) تەقە لە ژووری کۆبوونەوەکە و گۆڕی نەوشیروان مستەفا و چەند شوێنێکی دیکەی نێو مەکۆی سەرەکیی گۆڕان کرا. بەو هۆیەوە تاوەکوو ئێستا گۆڕان ئامادە نییە لەگەڵ یەکێتی کۆببێتەوە.

 

لەمبارەیەوە ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی نیسانی ٢٠١٩، سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بە بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاندووە کە هۆکاری کۆنەبوونەوەی گۆڕان و یەکێتی، ئەوەیە کە گۆڕان دەڵێت تەقە لە بارەگاکانی کراوە و پیرە بە ”وەهم“ وەسفی کردووە.

 

هاوکات ئاشکرای کردووە کە لەلایەن یەکێتییەوە تەقە کراوە، بەڵام بابەتەکەی بە کەسی ناساندووە و گوتوویەتی: ”ئەو ڕووداوە لەنێوان دوو بەرپرسی یەکێتی و گۆڕاندا بووە کە ھەردووکیان لە کۆنەوە یەکتر دەناسن، ھیچ پەیوەندی بە مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە نییە و ھیچ سوودێکیشی بۆ یەکێتی نییە شێخ جەعفەر بو تەقەی لە گۆری نەوشیروان کرد“.

ھەواڵی زیاتر