مستەفا مەولودی : فشار بۆ سەر سوپای پاسداران گوشارێک دروست دەکات کە خەڵکی کوردستان زۆرتر بێنە مەیدان بۆ خەبات

مستەفا مەولودی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە دەستنیشانکردنی سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لەلایەن ئەمەریکاوە، لە میانەی وتووێژێکی لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت دەمێکە ڕەفتار و کردەوەکانی سوپای پاسداران ڕەفتارێکی تیرۆرستانەیە بویە ئەوان کردەوەکانی سوپای پاسداران بە گشتی لە پەیوەندی لەگەڵ هێرش و رەفتاری دڕندانە مەحکوم دەکەن، لایان وایە سوپای پاسداران مادام کارکردن و کاریگەری زۆری لەسەر هەموو مەوقعیەتی سیاسی و ئابوری و سەربازی ئێران لە ناوچەکەدا هەیە زۆر ئاساییە ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمەریکا کاریگەری زۆری لە ناوچەکەدا ببێت و تەنانەتە ڕەنگە گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا زورتر بکات.

مەولودی لەبارەی هەڵوێست و هەنگاوی داهاتووی حیزبە کوردیەکانی ئێران و لە نێویشیاندا حیزبی دیموکراتی کوردستان دەڵێت ” فشاری جۆراوجۆری سیاسی و سەربازی و ئابوری لە سەر هەرکام لە بەشەکەکان و پێکهاتەکانی ئێران فشار دەخاتە سەر حکومەت و کاریگەری بەسەر ژیانی خەڵکی ئێران دەبێت و مەجالی زیاتر و باشتر دەرەخسێنێت بۆ ئۆپۆزسیۆن ، فشار بۆ سەر سوپای پاسداران دەتوانێت دەرفەتێک دروست بکات. ئەم دەرفەتە بزوتنەوەی سیاسی کورد و هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران و ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانیش دەتوانێت کەڵکی لێوەربگرێت، گوشارێک دروست دەکات کە خەڵکی کوردستان زورتر بێنە مەیدان بۆ خەبات و کاریگەریشی لەسەر کارو چالاکی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت.”

ھەواڵی زیاتر