شێخ جەعفەر: جێگری سەرۆکی هەرێم گۆڕان بێت گوێ لە فەرمانەکانی ناگرم

فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هۆشداری ئەوەی دا کە لە حاڵەتی پێدانی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو و هێزەکەی گوێ لە فەرمان و بڕیارەکانی ئەو جێگرە ناگرێت.

 

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی یەکێتی ڕای گەیاندووە، ئەو لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا کراوە، وەکوو خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

 

بەپێویستیشی زانیوە کە بەهۆی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێزی چەکداریان بەدەستەوەیە، ئەو پۆستانەی کە پەیوەندییان بە هێزی چەکدارەوە هەیە، بەو دوو حزبە بدرێن.

 

لە بارەی ئەگەری پێدانی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێشمەرگە بە بزووتنەوەی گۆڕان، شێخ جەعفەر گوتوویەتی: ”ئەوان ھێزی چەکدارییان نییە، ھێزی چەکدار لەلای پارتی و یەکێتییە، بۆیە دەبێت ئەوان بڕیار لەسەر ھەنگاوەکانی یەکخستنەوە و یەکگرتن بدەن، ھەتا ئێوارە لایەنێکی تر بێت بڕیار لەسەر ھێزی پێشمەرگە و ھێزی حەفتا بدات، من خۆم یەکێکم لەوانەی گوێی لێ ناگرم، خۆ ئەگەر ڕوویدا جێگری سەرۆکی ھەرێم (لەپشکی گۆڕان) ببێتە بەرپرسیاری ھێزە چەکدارەکان، بەھیچ جۆرێک گوێی لێ ناگرم، چونکە ئەو نە پەیوەندی پێوە ھەیە، نە دەتوانێت بڕیار بدات، من دەتوانم بڕیار بدەم لەسەر یەکخستنەوەی ھێزەکان و ھەنگاوەکانی یەکخستنەوە، ئەو چۆن دەتوانێت؟“.

 

شێخ جەعفەر لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) دووپاتی کردووەتەوە کە واقیعێک هەیە و ئەوان هێزەکانیان بەدەستەوەیە، بۆیە دەبێت هەر خۆیان بڕیار لەبارەی ئەو هێزانەوە بدەن.

ھەواڵی زیاتر