بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان عادل عەبدولمەهدی دێتە هەولێر

بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات.

ماڵپەڕی (بەغداد الیوم) ئاشکرای کردووە کە عادل عەبدولمەهدی بە چەند سەرکردەیەکی کوردی گوتووە، حەز دەکات سەردانی هەولێر بکات، تاوەکوو سەرجەم ئەو خاڵانە چارەسەر بکرێن کە ناکۆکییان لەبارەوە هەیە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئێستا عەبدولمەهدی چاوەڕێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی دەکات.

لەمبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند: ”سەردانەکەی عادل عەبدولمەھدی بۆ ھەرێمی کوردستان ماوەیەکە باس دەکرێت، لەم کاتەدا ئەم سەردانە لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار گرنگە، یەکیک لەوانەش پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە“.

ئاماژەشی بەوە کرد کە کۆمەڵێک دۆسیە هەن، لەو سەردانەدا ئەگەری هەیە باسیان لێوە بکرێت، لەنێویشیاندا هەماهەنگیی هەردوو حکوومەت، بابەتە سەربازییەکان، دۆسیەی نەوت و کۆمەڵێک دۆسیەی دیکە.

ھەواڵی زیاتر