یەكێك لەو كەسانەی ھێنرایە سەر تەلەڤزیۆن باوكی ئەفسەری یەكێتیە و خۆشی كارمەندی ھێزە ئەمنیەكانە

دوای ئەوەی دوێنی ئاسایشی یەكێتی باندێكی “كوشتن و دزیكردن”ـی ھێنایە سەر شاشەكانی تەلەڤزیۆن و بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆ خەڵك گواسترایەوە، كاتژمێرێك دواتر ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر ئاشكرای كرد كە یەكێك لەو “تاوانبارانە” سەر بە ھێزە ئەمنیەكانی سلێمانیە، بەپێی بەدواداچونێكی دیكەی (پەیامنێر) باوكی ئەفسەری ھێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە یەكێتیە.

ئەحمەد ھاشم، ناوی ئەو كەسایە كە بە جلێكی (پرتقالی) ئێوارەی ٧ـی٤ـی ٢٠١٩ لەسەر كەنالەكان بینرا، كوڕی نقیب (ھاشم)ـە كە ئەفسەری یەكێتیە لە ھێزەكانی پێشمەرگە، لە كاتی پیشاندانی “تاوانبارەكان” لیوا حەسەن نوری، بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی بە میدیاكانی ڕاگەیاند:ئەو كەسانەی دەستگیركراون ئاوارەن و دانیشتووی سلێمانی نین، ھەروەھا بە مەترسیدارترین گرۆپی ناوبردن كە تا ئێستا لە سلێمانی “دەستگیركرابن”.

كاتژمێرێك دوای لێدوانەكەی بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی، ئاژانسی پەیامنێر ئاشكرای كرد كە یەكێك لەو كەسانە تا كاتی دەستگیركردنی كارمەندی ھێزە ئەمنیەكانی سلێمانی بووە و باوكیشی ئێستا نقیبی پێشمەرگەیە لەسەر پشكی یەكێتی.

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەكان، ھاولاتیان و چاڵاكوانانی سوشیاڵ میدیا گومانیان خستە سەر ئەم كردارەی ئاسایشی سلێمانی و بە “سیناریۆ” ناوی دەبەن و پێیان وایە نھێنی شاراوە لە پشت رووداوەكەوە ھەن، چونكە بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاندبوو”ئەو كەسانەی دەستگیركراون سەر بە ھیچ لایەنێك نین و خەڵكی سلێمانی نین” بەلام دوار دەركەوت كە سەر بە ھێزە ئەمنیەكانی سلێمانین.

ھەواڵی زیاتر