په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان هه‌وڵه‌ سیاسییه‌كان له‌ دژی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاشكرا ده‌كات

هۆشیار عه‌بدوڵڵا، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان نابڕدرێت و ئه‌و هه‌واڵانه‌ش راستی نین، دووپاتیشی كرده‌وه‌، پرسی مووچه‌ بووه‌ته‌ یاسا و به‌رده‌وامیش ده‌بێت.

گوتیشی: “بۆ بڕینی پشكی مووچه‌ی هه‌رێم، ده‌بێت تانه‌ له‌ یاسای بودجه‌ی 2019 بدرێت بدرێت، تا عادل عه‌بدولمه‌هدیش سه‌رۆكوه‌زیران بێت، ئه‌وه‌ روونادات”.

هۆشیار عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق به‌ كوردستان 24ی راگه‌یاند، پرسی داهات و نه‌وت پرسی گرنگن و ئێستاش هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر خه‌تن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دوو دۆسیه‌یه‌”.

هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ی دارایی گفتوگۆ له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ كراوه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان داهاتی ناوخۆ نانێرێت و ده‌بێت له‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كرێت، له‌و باره‌یه‌وه‌ش گوتی: “ئێمه‌ ئه‌وه‌شمان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ و به‌ روونی پێمانگوتن مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ به‌ دووره‌ له‌ هه‌موو ململانێیه‌كی سیاسی”.

هۆشیار عه‌بدوڵڵا ئاشكراشیكرد، ئێستا له‌ به‌غدا هه‌وڵێكی سیاسی هه‌یه‌، به‌ناوی پشكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ لێدان له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی و عه‌بادی خودی خۆی راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ده‌كات و په‌رله‌مانتارانیش له‌و چوارچێوه‌یه‌ كار ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌وان تێبینیان كردووه‌ هه‌نگاوه‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانه‌.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، پێشتر چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كورد، باسیان له‌وه‌ ده‌كرد، گوایه‌ گرفت بۆ مووچه‌ فه‌رمانبه‌ران له‌ به‌غدا درووست ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌واڵانه‌ ره‌تكراونه‌ته‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر