بەھۆی کێشە بالبالێنی ناو یەکێتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ھەلوەشایەوە

 

بەهۆی ناڕەزایی چەند باڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکلاکردنەوەی بابەتی پۆستەکانی حزبەکە لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە تا دوای نەورۆز دواخراوە.

 

بەپێی زانیارییەکان هەریەک لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی و گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و گرووپەکەی بەرهەم ساڵح، ترسیان لەوە هەیە کە لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیدا بە دەنگدان، باڵی کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی حزبەکە، زۆرینە بهێنن و کاندیدەکانیان سەر بخەن، بۆیە نایانەوێ یەکلاکردنەوەی پۆستەکان ببرێتەوە نێو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی.

 

لەو چوارچێوەیەدا، بڕیار بوو لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆببێتەوە و لەبارەی کاندیدەکان گفتوگۆ بکات، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ دوای پشووەکانی نەورۆز دواخراوە.

 

 

لەمبارەیەوە نەسروڵا سورچی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕایگەیاند: ”نازانم ئەنجومەنی سەرکردایەتی چ کاتێک کۆدەبێتەوە، بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا ئەگەر پێشتر ئاگادار بکرێینەوە، ئێمە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکەین و گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانەوە دەکەین”.

 

پێشتر کاوە محەمەد ئەمین، پەرلەمانتاری پێشووتری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاندبوو، یەکلابوونەوەی بڕیارەکان لەناو یەکێتی لەگەڵ پارتیدا جیاوازە، چونکە ساغکردنەوەی بڕیار لەنێو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیدایە و ”ئەوەش ئاستەمە“.

 

بەپێی زانیارییەکان، هەوڵەکانی یەکێتی بۆ گرژکردنی دۆخی سیاسیی کوردستان و لێدوانە توندەکانی گوتەبێژەکەی، بەو ئامانجەیە کە لە دەرەوەی حزبەکەدا وانیشان بدرێت کە دواکەوتنی یەکلابوونەوەی پۆستەکان، بۆ ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی دەگەڕێتەوە هەرچەندە ڕێککەوتنی سیاسییان لەنێو دایە. ئەمەش لە پێناو داپۆشینی ململانێ ناوخۆییە سەرەکییەکە لە سەر پۆستەکانی یەکێتی لە حکوومەت.

ھەواڵی زیاتر