ئاژانسی پەیامنێر سیناریۆی كۆسرەت رەسوڵ و لاھور جەنگی دژی پارتی ئاشكرا دەكات

دوای ئەوەی دوێنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبووە و تێدا بەكۆی دەنگی سەركردایەتی ئەم حزبە بڕیار لە گوڕینی لێژنەی دانوستانكاری یەكێتی بۆ گفتووگۆكردن لەگەل پارتی درا، سەرچاوەیەك بۆ (ئاژانسی پەیامنێر) ئاشكرای كرد، ئەمەی روودەدات “سیناریۆی كوسرەت رەسوڵ و لاھور جەنگیە و رۆڵ دابەشكردنە لەنێوان ھەردوو باڵەكە”.

بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە نێو سەركردایەتی یەكێتی و پارتی دەستی ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر كەوتوون، لە كۆبوونەوەی دوێنی یەكێتیدا رێكەوتن لەسەر ئەوە كراوە كە “لێژنەیەكی نوێی دانوستانكار بۆ كۆبوونەوە لەگەل پارتی دروست بكرێت و لە كۆبونەوەكاندا وا پیشان بدرێت كە یەكێتی كێشەی ناخۆیی ھەیە وئەو رێكەوتنانەی پێشتر لەلایەن كۆسرەت رەسوڵەوە لەگەل پارتی واژۆكراون شەرعیەتیان نیە و بە دڵی ھەموو سەركردایەتی یەكێتی نیە”، ئەمە لەكاتێكدا خۆدی كوسرەت رەسوڵ لەم سیناریۆیەدا بەشدارە، دوای ئەوەی لەلایەن سەركردایەتی یەكێتیەوە قەناعەت بۆ نابراو دروست كرا كە “پشتكی یەكێتی لە حكومەتدا كەمە”.

پەیامنێر زانیۆیەتی لێژنەی دانوستانكاری نوێی یەكێتی بریتین لە(بافێل تالەبانی، لاھور جەنگی، رزگاری عەلی، عەدنانی حەمە مینا و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)، ئەم وەڤدە لە ھەفتەی داھاتوودا داوای دانووستان دەكات لەگەل پارتی و بڕیار وایە داواكاری نوێیان ھەبێت و مەرجی “قورس” دابنێن لەبەرامبەر بەشداریكردنی یەكێتی لە حكومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان.

زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە لە ئەگەری رازی نەبوونی پارتی بە (مەرجە قورسەكانی) وەفدی دانوستانكاری یەكێتی، ئەم حزبە لە راگەیاندنەكانیەوە ھێرشێكی میدیایی دەست پێبكات دژی پارتی و وا بە خەڵكی كوردستان بگەیەندرێت كە “پارتی ھۆكاری دواخستنی پێكھێنانی حكومەتە” بۆ ئەمە لەگەل جوڵانەوەی نەوەی نوێ و كۆمەڵی ئیسڵامی وتووێژ كراوە.

ئەمە لە كاتێكدایە دوای ئەوەی یەكێتی گوڕانكاری لە وەفدی دانووستانكاریدا كرد، وەك ئەوەی ئاگاداری سیناریۆكە بێت، پارتی ئەمرۆ تەواوی وەفدی دانوستانكاری گوڕی و كەسی نوێی بۆ گفتووگۆكردن لەگەل یەكێتی دیاریكرد كە بریتین لە:

•    كەمال كەركوكی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی
•    كاكەمین نەجار- ئەندامی مەكتەبی سیاسی
•    عەلی حوسێن- ئەندامی سەركردایەتی
•    هێمن هەورامی- ئەندامی سەركردایەتی
•    دڵشاد شەهاب- ئەندامی سەركردایەتی
•    عەلی عەونی- ئەندامی سەركردایەتی
•    فرسەت سۆفی- ئەندامی پێشووی پەرلەمان

ھەواڵی زیاتر