لەسەر خاوەنبوونی لابردنی پاشكەوتی مووچە شەڕە

پاش بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، زۆربەی حزبەکانی کوردستان خۆیان کرد بە خاوەنی دەستکەوتی هەڵگرتنی پاشەکەوتەکە و بەو هۆیەشەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕەخنە و قسەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

 

رۆژی هەینی ٨ی ئاداری ٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆتاییهاتنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی لە هەرێمی کوردستاندا ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە بەهۆی زیادبوونی ئەو بڕە پارەیەی مانگانە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت لە ٣١٧ ملیارەوە بۆ ٥٢٢ ملیار دینار، پاشەکەوتی مووچە هەڵدەگیرێت.

 

هەر دوای ئەو پرێس کۆنفرانسە، میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک بانگەشەیەک بۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەیان بەکار هێنا و کەناڵی (کوردسات نیوز) بڵاوی کردەوە کە ”قوباد تاڵەبانی بەڵێنەکەی خۆی بردە سەر“.

 

ماڵپەڕی (شار پرێس)یش لە زاری بزووتنەوەی گۆڕانەوە بڵاوی کردەوە کە ”هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە بەهۆی ڕێککەوتنی گۆڕان و پارتییەوە بووە“.

 

لایەنگرانی بەرهەم ساڵح لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاویان کردەوە: ”بەپێداگریی سەرۆک کۆمار، پاشەکەوتی مووچە هەڵدەگیرێت“.

 

کەناڵی (ئێن ئاڕ تی)ی سەر بە گرووپی (نەوەی نوێ)ش لە زاری ڕابوون مەعرووف، پەرلەمانتاری گرووپەکە لە پەرلەمانی عێراقەوە بڵاویان کردەوە کە ئۆپۆزسیۆنبوونی ئەوان حکوومەتی ناچار کردووە، پاشەکەوتی مووچە هەڵبگرێت.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە چاودێران پێیانوایە، ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و یەکهەڵوێستیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، هەروەها تێگەیشتنی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، سەرجەمیان هۆکار بوون کە یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق بەو جۆرە دابڕێژرێتەوە و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بخرێتە دەرەوەی ململانێ سیاسی و نەوتییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.

ھەواڵی زیاتر