رێباز حەملان: “بە پشتیوانی سەرۆك مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی توانی حكومەت بگەیەنێتە كەناری ئارامی”

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەلێت: بەپشتیوانی و لەخۆبوردەیی و سیاسەتی سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی ھەرێم و پاشان وەک سەرکردەیەکی گەورەی کورد کە بەرگری و پشتیوانییەکی بێ وێنەی ھەرێم و حکومەت، نێچیرڤان بارزانی توانی ھەرێمی کوردستان و حکومەت و دۆخی سیاسی و دارایی و پەیوەندییەکان لە کۆتاییدا بگەیەنێتە کەنارێکی ئارام.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەیسبووکی خۆی بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە لەژێر ناوی “نێچیرڤان بارزانی کەشتیوانێکی خاوەن ئیرادەبوو”. رێباز حەملان نووسیویەتی: “سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە جورئەتەوە بەرەوڕووی 

ھەموو ئاڵنگارییەکان وەستایەوە، دوای بڕینی بودجە و ھاتنی دڕەندەترین گرووپی تیرۆریستی کە بە داعش ناسرابوو و دروستبوونی قەیرانی دارایی و ململانێی ناوخۆیی و کێشەکانی بەغدا و داخستنی فڕۆکەخانە و داخستنی دەروازەکان و پەلاماردانی پایتەختی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵدان بۆ لە ناوبردنی کیانی ھەرێمی کوردستان”.

وەزیری دارایی دەڵێت: “بە دیپلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکا و ئەوروپا و بەپشتیوانی و لەخۆبوردەیی و سیاسەتی سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی ھەرێم و پاشان وەک سەرکردەیەکی گەورەی کورد کە بەرگری و پشتیوانییەکی بێ وێنەی ھەرێم و حکومەتی کرد، هەروەها خۆڕاگری هاووڵاتیانی هەرێمەکەمان و فەرمانبەران و مامۆستایان و بەڵێندەران و ورەی پۆڵایینی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و قوربانیدانی شەھیدە سەربەرزەکانمان و ھەروەھا، ستافی کابینەی هەشت کە شانیان دایە بەر کێشە و ئاڵنگارییەکان و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییان خستەسەر ناوی خۆیان و بوونە پاڵپشتێکی بەھێز بۆ سەرۆکوەزیران کە توانی ھەرێمی کوردستان و حکومەت و دۆخی سیاسی و دارایی و پەیوەندییەکان لە کۆتاییدا بگەیەنێتە کەنارێکی ئارام”.

بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەبارەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و چاوەڕواندەکرێت لە کۆبوونەوەکە کە بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی ئەنجام دەدرێت، بڕیاری پاشەکەوتی مووچە هەڵبوەشێندرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر