نەوەی نوێ: ئەمرۆ ٨٠ خۆبەخشی جوڵانەوەكەمان لەلایەن یەكێتیەوە دەستگیركراون

نەوەی نوێ لەرێگەی میدیاکانییەوە رایگەیاند “80 خۆبەخشمان لەبەردەم دادگای سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون”.

بەپێی میدیاکانی نەوەی نوێ “دوای ئەوەی ژمارەیەک خۆبەخشی نەوەى نوێ چوونەتە بەردەم دادگای سلێمانی زیاتر لە 80 کەسیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون. ئەو خۆبەخشانە هاتوونەتە بەردەم دادگای سلێمانی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەی نوێ”.

 

دوێنی (یەکشەممە، 3-3-2019) دادوەر عومەر ئەحمەد، گوتەبێژی دادگای سلێمانی رایگەیاند: “شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بۆ دوو دۆسیەی جیاواز بانگهێشتی دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی كراوە، دۆسیەیەكیان بەپێی ماددەی 229 لە بنكەی پۆلیسی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە جوڵێنراوە، ئەو ماددەیەش دەستدرێژكردنەسەر كارمەندی دەوڵەتە لەكاتی ئەركدا”.

گوتەبێژی دادگای سلێمانی باسی لەوەشكردبوو دۆسیەی دووەمیان بەپێی ماددەی 434 لەلایەن كەسێكی مەدەنییەوە تۆماركراوە بە تۆمەتی تەشهیر‌ و ناوزڕاندن، بۆیە “بەبڕیاری دادوەر فەرمانی راگرتنی بۆ دەرچووە بۆ ماوەی 24 کاژێر” و، “لەسەر هەردوو دۆسیەكە شاسوار عەبدولواحید بانگهێشتی دادگا كراوە بۆ وەرگرتنی گوتە”. شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوەی لە دادگا ئامادەبووە و گوتەکانی لێ وەرگیراوە بەبڕیاری دادوەر دەستبەسەرکراوە.

ھەواڵی زیاتر