لە دەوڵەتی ئیرھابەوە بۆ قەڵەمی ئیرھاب!

لۆقمان بیارەیی

ئاگر و ئاسن، ئەنفال و کیمیا باران، ڕاگواستن و تەعریب تا دەگاتە سەر ئیھانەی شەرەفیش، دوژمن لە کورددا تاقیکردەوە، ئیتر ئەوەی کە نەیکردبێت پێی نەکرا! بەڵام کورد ڕوو بە ڕووی ھەمووی وەستایەوە و خۆی نەچەماند،(البحر من ورائكم والعدو امامكم)پشتتان دەریایە و بەرامبەریشتان دوژمن! ڕێک بە ھەمان حەماسی تاریقی کوڕی زیاد، کوردیش بەرامبەری دوژمن و پشتی جاش سیغە! بەڵام توانی ئەو ئیرھابە تۆقێنەرە لە حەرەس جمھوری و قوات خاصە و داعش و حەشد، تا دەگاتە ئیرھابی قاتوقڕی و برسیەتی، بە ھەلھەلەی دایکە شەھیدەکان و ئیرادەی گەل و پێشمەرگە تێک بشکێنێت!

لێرەدا پرسیار دروست دەبێت، بۆچی دوژمن دەیەوێ بە ھەموو شێوەیەک و بە ھەر چەشنێک بێت، کورد لە ناو ببات؟

لە بەرامبەریشدا، بۆچی کوردیش دەیەوێ بە ڕوویاندا بوەستێتەوە و بەرگری بکات؟

وەڵامەکە ڕوونە، چونکە دوژمن دەیەوێت ئینکاری وجوودی کورد بکات، لە بەرامبەریشدا کوردیش بە ھەموو شێوەیەک موقاومەو شەڕی وجوودی خۆی دەکات!

ئەمە ئەسڵی بابەتەکەیە، دروست ئێستا کورد لە ڕووی سیاسیەوە لێرەدایە سیاسەتی(وجوود)یانی تا نەبێتە دەوڵەت پێویستە بەردەوام لەم شەڕەدا بێت، ئیتر حیزبی یا نوخبە یا ھەرکەسی تر وتی: لە سەردەمی سیاسی ھاوچەرخداین و دەوڵەتی نەتەوەیی گۆڕاوە بۆ دەوڵەتی ھاوڵاتی! دەبێت پێی بوترێت: نامەعقولت فەرموو، ئەوە قسەی ئیتڵاعاتە، کە بۆ خۆی بە ژەھری دەزانێ و بۆ کورد بە شەربەتی شیفادەر پێناسەی دەکات!

لە دوای ریفراندومەوە دوژمن لە ئیرھابی ترساندن و برسی کردندا شکستی خوارد، ئێستا تەرکیزی ئیرھاب لە سەر ئەم بابەتەیە، ھەموو ئەنتی پارتی و ئەنتی ریفراندومەکان، بە تایبەت ئەوانەی کە زمانیان درێژە، ئەوانەی کە قەڵەمیان دێزە و لە جیاتی مەرەکەب ژەھر دەڕێژێ! ئیتڵاعات ڕێکی خستوون و ڕۆڵی دابەشکردوون، ھەندێک بە ڕۆمان، ھەندێک بە وتاری سیاسی، ھەندێکیش بە دیبەیت و فیچەر و ڕێپورتاژ، کار لە سەر ئەوە بکەن عەقڵی گەنجی کورد بە بالۆرەی سوسیالیزم و ھاوڵاتیبوون بخەسێنن! لە ڕووی ئیرادەوە بیخەنە سەر ئەژنۆ! وای تێبگەیەنن کە ھەموو نەھامەتیەکانی، ھەر لە بێکاریەوە تا دەگاتە سەر ئاو و کارەبا و تەنانەت تەئخیر بوونی زەواجیشی، خەتا لەوەیە کە خۆی بە کورد زانیوە! ئامانج لە خوڵقاندنی ئەم ئەھریمەنە ئەوەیە: گەنجی کورد بە تایبەت جیلی نوێ، لە جیاتی ھوشیاری سیاسی، جەھلی ھەبێت تا نەک ھەر پارتیبوونی پێ عەیبە بێت، بەڵکو دژبوونیشی بە ئەرک بزانێت! یۆچی پارتی؟! لە بەر ئەوەی پارتی مەشخەڵ ھەڵگری ئەم ڕەوتە ناسیونالستیە کوردیەیە و بۆ ڕاگرتن و ناچارکردنی کورد تا دەستبەرداری ئەم مەبدئە ببێت، پێویستە بە ھەموو شێوەیەک شەڕی پارتی بکرێت! لە پێگەی سیاسی و جەماوەری بدرێت، ڕوونتر بڵێم بۆ ئەوەی بە قۆناغ ڕێژەی ئەندام و لایەنگرەکانی کەم بکرێنەوە!

زۆربەی گەلانی دونیا ئەم قۆناغی شەڕی وجوودەیان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە، لەم شەڕەیاندا ھەموو ئایدیولوژیاکان، لەمسەری چەپ تا ئەوسەری ڕاست، دیموکراسی و ئازادی بیر و ڕا و مافە مەدەنیەکان، تەنانەت ئەگەر پێویستیشی کردبێت، بەھا مرۆڤایەتیەکانیان لە پێناو سەرکەوتن لەم شەڕەدا پشتگوێ خستووە! تا ئەو شوێنەی کە دەستیان گەشتووە بە دەوڵەتی خۆیان و لە ڕێگەی دەوڵەتبوونەوە بوونەتە نەتەوە، لە دوای دەوڵەتبوونیش دەوڵەت و بڕیاری سیاسی دەوڵەتیان لە بندەستی نەتەوە ھێشتۆتەوە و حکومەتیشیان کردووە بە موڵکی ھاوڵاتی!

بارام بەگ کە کەسایەتیەکی ناسراوی قسە خۆشی ناوچەی ھەورامان بووە، لە زاری ئەوەوە دەگێڕنەوە، سێ بە سێ تەڵاقی خستووە: خوا خاوەنی بستێک عەرز نیە! وتبوویان چۆن؟!

وتبووی: دەی فەرموون ئێوە بڕۆن حەز دەکەن تەنانەت لەو شاخەش کوێتان پێ باشە بیکێڵن، بزانن چۆن خاوەنی پەیدا دەبێ و بەرشەقتان ئەدات!

جا کێ باوەڕی بە ھاوڵاتیبوون و یەکسانی ھەیە، من ناڵێم ئێران و تورکیا، بەڵکو بڕوات بۆ سعودیە، بۆ بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەمریکا و ئەڵمانیا، نەخێر با بڕوات بۆ پاکستان و ئەفغانستان بڵێت: منیش وەک ئێوە مرۆڤم و مافم ھەیە لە سەر ئەم خاکە! جا بزانە حەسیر مەیانی دەکەن یان نا .

ھەواڵی زیاتر