مانگی داھاتوو پێشمەرگە دەگەڕێتەوە كەركوك

فەرماندەیەكی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان وردەكاری گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و رای دەگەیەنێت، تا مانگی سێ‌ پێشمەرگە دەچنەوە تەواوی ئەو شوێنانەی پێشتر لێی بوون و لەگەڵ هێزە عێراقییەكان ناوچەكە دەپارێزن.

نووری حەمە عەلی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و فەرماندەی پێشووی پێشمەرگە لە كەركووك رایگەیاند، لەسەرەتای رووداوەكانی ۱٦ـی ئۆكتۆبەر راوەستانی شەڕ لەگەڵ هێزە عێراقییەكان و ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، هەوڵی زۆر لە ئارادا بووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.

حەمە علی زیاتر گوتی، دوای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرجەم ئەو پرسانە گفتوگۆیان لە بارەوە كراوە و بە چاودێری هاوپەیمانان رێككەوتنیان لەسەر كراوە و ئێستە بەرهەمەكان دەردەكەون، ئومێدمان هەیە لە ئێستەوە تا نەورۆز هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان، پێشمەرگە بە هاوبەشی سوپای عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی پێوستە سوپای لێ جێگیربێت لە دەرەوەی كەركووك. هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لەناو كەركووكیش پۆلیس و ئاسایش هاووڵاتییان دەپارێزن.

حەمە عەلی ئەوەشی ڕاگەیاند، دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان دەبێت حەشدی شەعبی بگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی خۆیان و پارێزگاری لەناوچەكانیان بكەن، چونكە تا ئێستا لیوای ٦۱ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هاتوون بۆ كەركووك و دژە تیرۆری عێراقیش لەوێ نەماون

ئەوە لەكاتێكدایە كە هێشتا رەوشی كەركووك وەك سەربازگە ماوەتەوە و خەڵكی ناوچەكە داوای گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن.

ھەواڵی زیاتر