رێبوار تاڵەبانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەکات، بەڵام تا ئێستا بڕیار نەدراوە کە لە شاری ھەولێر بکرێت. سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانیش دەڵێ، ھەڵبژاردنی پارێزگار لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێ دەکرێت.

لە کۆبوونەوەی دوێنیێ نێوان پارتی و یەکێتیدا، رێککەوتن لەسەر ئەوەی ١٨-٢-٢٠١٩ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە شاری ھەولێر کۆببێتەوە.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، جێی دەستخۆشی و ھیوابەخشییە بۆ خەڵکی کەرکووک و کوردستان کە ئەو کێشانە بەرەو چارەکردن بچن لە نێوان ھەردوو ھێزی سەرەکیدا کە پارتی و یەکێتین، “پێشتر داوای ئەوەم کردبوو سەرجەم لیستەکان کۆببنەوە بۆ ئەوەی بارودۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، ئەوە بوو بەداخەوە ئەوکات نەگەیشتنە ئەنجام”.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی” بەپیێ یاسا و پەیڕەوی ناوخۆیی ئەنجوومەن، سەرۆکایەتی دانیشتنەکە دەکەم، ھەڵبەت کۆبوونەوەکەش پێویستی بە جۆرێک لە رێکاری یاسایی ھەیە”.

لیستی برایەتیی کەرکووک، کە کورد سەرپەرشتیی دەکات، لە کۆی ٤١ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، خاوەنی ٢٦ ئەندامە.

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەش، تاڵەبانی ڕوونی کردەوە، ١٣ ئەندام بە فەرمی داوای کۆبوونەوە بکەن، کۆبوو‌نەوەیەکی یاسایی دەبێت، بەڵام ئەگەر چەند ئەندامێک بەشداری بکەن، بە ئاسایی ناو دەبرێت.

رێبوار تاڵەبانی بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی دەڵێ، تاوەکو ئێستا بڕیار نەدراوە کە کۆبوونەوەکە لە شاری ھەولێر بکرێت، “خۆی دەبووایە لە کەرکووک بکرێت، ئەگەر تا کۆبوونەوەی ١٨ی ئەم مانگەیش بارودۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، لەناو شاری کەرکووک بەڕێوە دەچێت، ئەگەر تا ئەو کاتیش ئاسایی نەکرێتەوە، ئەوا ئاساییە لە ھەر پارێزگایەکی تر بکرێت”.

تاڵەبانی دەڵێت، ھەموو لێکنزیکبوونەوەکان لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و کەرکووکن، چونکە ئەو بارودۆخە ناکرێت ھەر ئاوھا بمێنێتەوە و پێویستی بە چارەسەرکردنە، “ئەو بارودۆخەی ئێستا کەرکووک پێیدا تێپەڕ دەبێت، زۆر نایاسایی و نادەستوورییە”.

ھەر لەو بارەیەوە، عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی،  ڕایگەیاند: “کۆبوونەوەی ئەنجوومەن، بە کۆبوونەوەیەکی گرینگ دەزانین و بایەخێکی باشی دەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شاری کەرکووک، ئێمەش وەک ئەندامانی ئەنجوومەن ئامادەین و چاوەڕێی ١٨ی ئەم مانگە دەکەین”.

کەرکووکی دەشڵێ: “لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەندا ھەنگاوەکان زیاتر روون و ئاشکرا دەبن، بۆ ئەوەی کە ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە و ھەڵبژاردنی پارێزگار لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێ دەکرێن و گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، ئەو کاتیش ئەنجوومەن کارەکانی خۆی رادەپەڕێنێت”.

ھەواڵی زیاتر