لەبارەی مافیاکانی سلێمانییەوە گۆڕان هۆشداری بە یەکێتی دەدات

لەبارەی ئەو لێژنەیەی کە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێکهێندراوە کە بانگەشە دەکرێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مافیاکانی سلێمانیی، بزووتنەوەی گۆڕان هۆشداری بە یەکێتی دەداو ڕایدەگەیەنێت ”ئەگەر حزبیان لەپشت نەبێ، ناتوانن چەتەیی بکەن“.

ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی ٢ی ٢٠١٩، مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاشکرای کرد کە مافیا لە سلێمانی پەیدا بوون و چەتەیی دەکەن، بۆیە لێژنەیەک لە خۆی و شێخ جەعفەر و چەند بەرپرسێکی دیکەی یەکێتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان پێکهێندراوە. لە کاتێکدا لێژنەی ئەمنیی سلێمانی هەیە کە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی (لە پشکی گۆڕان) سەرۆکایەتی دەکات.

مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاند، ”هەست دەکەین“ هەندێک مافیا لە سلێمانی درووست بووە و دەچنە سەر خەڵک. ئەوەشی بە ڕۆژنامەیەکی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان گوتووە کە ”خەڵکی فەقیر“ ناتوانن وەڵامی ئەو مافیایانە بدەنەوە.

لە بەرامبەردا محەمەد شێخ وەھاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لێژنەی ئەمنی بە باسنیوزی ڕاگەیاند: ”ئەو لێژنەیەی دروست کراوە، بەدڵنیاییەوە لە ڕووی یاساییەوە کارێکی نایاسایی و نابەجێیە و نابێت حزب دەستێوەردان بکات، چونکە ئێمە دادگا و پۆلیس و ئاسایش و دەزگای ئەمنیی دیکەمان ھەیە، دەبێ پارێزگای سلێمانی و لێژنەی ئەمنیی پارێزگا ئەو بابەتە چارەسەر بکەن“.

ئەندامەکەی لێژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هیوای خواست، ”برادەرانی یەکێتی و سەرکردایەتییان“ ئەو بابەتە ئاراستەی دادگا و لێژنەی ئەمنیی پارێزگا بکەن، بۆ ئەوەی بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، چارەسەر بکرێت، چونکە ”بەو شێوەی ئێستای ئەوان دەبێتە کێشەی حزب و تەداخولی حزبی“.

بە گوتەی ئەندامەکەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: ”ئەو چەکدارانە ئەگەر حزب پشتگیرییان نەکات، ئەوا بەدڵنیاییەوە ناتوانن ڕێگری و چەتەیی بکەن، یان مافیا بن لە ناو پارێزگای سلێمانیدا“. هیوای ئەوەشی خواست کە خودی پارێزگاری سلێمانی و لێژنەی ئەمنیی شارەکە ئەرکی ڕووبەڕووبوونەوەیان بگرنە ئەستۆ. 

گوتیشی: ”خودی جەلالی شێخ کەریم، بریکاری وەزارەتی ناوخۆییە و دەبوو لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆوە بەو کارە هەڵسێت، لەلایەکی دیکەشەوە ھەموو دەزگاکانی سلێمانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆن لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا“.

 

بە گوتەی محەمەد شێخ وەهاب، ئەگەر ئەو لێژنەیە دەست بۆ ئەم کارە ببات، ئەوا ”کۆی گشتیی دەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە“، چونکە ”لە حاڵەتێکدا ئەگەر دەزگا ئەمنییەکان بڵێن ھیچمان پێ ناکرێت، لەو کاتەشدا لە ھەموو ڕوویەکەوە ئەم لێژنەیە کار بکات، کارێکی نایاساییە و بەھیچ شێوەیەک قابیلی قەبووڵ نییە کە حزبێک یان سەرکردەیەکی حزبێ بڵێت من وا دەکەم“.

ھەواڵی زیاتر