“پارتی و یەكێتی لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتن”

وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیاندا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتوون و بڕیاریانداوە لە 18ی ئەم مانگەدا کۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە یەک کاتدا ئەنجام بدرێت.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، مه‌حمود محه‌ممه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی ئه‌مڕۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان خسته‌ڕوو.

گوتی، به‌گشتیی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك ڕێككه‌وتین و بڕیاره‌ 18ی شوبات په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا گفتوگۆ له‌سه‌ر پارێزگای كه‌ركووك كرا كه‌ تا ئێستا شاره‌كه‌ وه‌ك سه‌ربازگه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و ده‌مانه‌وێ دۆخی شاره‌كه‌ ئاسایی بكه‌ینه‌وه‌.

مه‌حموود محه‌مه‌د گوته‌بێژ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان پارتی و یه‌كێتی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌نجام دا و ڕای گه‌یاند، دوو كه‌س ڕاسپێردراون بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو حزب یه‌ك بخرێت.

ڕوونیشی كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م هه‌وڵ بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بدات و واده‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یش به‌هه‌مانشێوه‌ 18ی شوبات دیار كراوه‌.

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان هێمای به‌وه‌ كرد، پارتی هه‌وڵده‌دات سه‌ردانی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات و بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكیش ئێستا كه‌سێك دیار كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاروباره‌كان راپه‌ڕێنێت.

مه‌حموود محه‌مه‌د دووپاتی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخی كه‌ركووك ده‌كرێت و پارێزگاری كه‌ركووك به‌پێی ڕێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی داده‌نرێ. هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ پێویسته‌ پێكهاته‌كانی كوردستانیش پۆستی به‌شی خۆیان پێبدرێت و جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیش بۆ پێكهاته‌كان ده‌بێت.

له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان مه‌حموود محه‌مه‌د گوتی، كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵی بۆ نووسینه‌وه‌ به‌رنامه‌ی حكوومه‌تی داهاتووی كوردستان بوو، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ لایه‌نی تریش بێنه‌ ناو گفتوگۆكانی حكوومه‌ت، بۆیه‌ جاری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ نه‌كراوه‌ و بڕیاریشه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوو پۆسته‌كان یه‌كلا بكرێته‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر