باڵیۆزخانەی بەریتانیا شاسوار عەبدولواحید بەدرۆ دەخاتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە كۆنسوڵگەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە میانی روونكردنەوەیەكدا هەواڵێكی دوێنێی كەناڵی (ئێن ئار تی)ی زمانحاڵی نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحیدی بەدرۆ خستەوە و رایگەیاند باڵیۆزی بەریتانیا ئەم قسانەی نەكردووە كە ئەوان بڵاویان كردووەتەوە.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە كە جۆن ویڵكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە دیدارێكیدا لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، له‌ باره‌ی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق بە ناوبراوی راگەیاندووە كە بەریتانیا پشتیوانی ریفۆرم دەكات لە هەرێمی كوردستان.

هەروەها هاتووە “به‌ڕێز باڵیۆز ڕایگه‌یاند كه‌ به‌ریتانیا پشتیوانی چاكسازی ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی هاتنه‌دی كرانه‌وه‌یه‌ك به‌ڕووی كه‌رتی تایبه‌ت، میدیای ئازاد و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی. تا ئه‌م كرانه‌وه‌ زیاتر بێت، داهاتوویه‌كی گه‌شتر به‌دی دێت. باڵیۆز ئاشكراشی كرد كه‌ په‌یوه‌ندی دیپلۆماسییان له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ مانای لایه‌نگری یان دژایه‌تیكردنی لایه‌نێك نایه‌ت. ڕۆڵی سه‌ره‌كی ئێمه‌ كاركردنه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كان به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ دوولایه‌نه‌كان. ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی زۆر باشمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و گفتوگۆمان له‌باره‌ی چاكسازییه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌و هیوایه‌ی هه‌م هه‌رێمی كوردستان و هه‌م عێراق سوودی لێ ببینن”.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە دوێنێ ئێن ئار تی بڵاوی كردبووەوە كە گوایە باڵیۆزی بەریتانیا بە شاسوار عەبدولواحیدی راگەیاندووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی هەرێمی كوردستان ناكەن.

 

ئێن ئار تی دوای ئەم روونكردنەوەیەی باڵیۆزخانەی بەریتانیا، مانشێت و ناوەڕۆكی هەواڵەكەی گۆڕی .

 

ھەواڵی زیاتر