بنەماڵەی مامە ڕیشە داوا لە یەکێتی دەکەن ئەمساڵ یادەکەی نەکەنەوە

برایەکی مامەڕیشە راگەیەندراوێک لەبارەی یادکردنەوەی ساڵوەگەڕی شەھیدبوونی براکەی بڵاو دەکاتەوە و داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات، یادی نەکاتەوە.

 

لە راگەیەندراوەکەدا، کە وێنەیەکی گەیشتووەتە، محەمەد شکور، برای مامەڕیشە، رایگەیاندووە، بەھۆی ئەوەی ”ھەندێک بەرپرسی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی خەریکی دژایەتیکرنی مامەڕیشەن“، بۆیە ئەمساڵ یادی ناکەنەوە.

 

محەمەد شکور بەناوی بنەماڵەی مامەڕیشەوە داوا لە یەکێتی دەکات ”بەھیچ شێوەیەک ئەو یادە نەکەنەوە“، چونکە بنەماڵەی مامەڕیشە بڕیاریان داوە بەشداریی ھیچ یاد و بۆنەیەک لەبارەی مامەڕیشە، نەکەن.

 

ئەو برایەی مامەڕیشە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەشێک لە سەرکردایەتیی یەکێتی کاتی خۆی مەفرەزەیان لە دژی مامەڕیشە دروست دەکرد و خەریکی پیلانگێڕی بوون لە دژی و ”لە دواوە تەقەیان لێکرد“، ئێستاش چونکە ”ناگەن بە تۆزی سەر گۆڕەکەی“، لەناو گۆڕکەشی ”بەعس ئاسا“ زەندەقیان لێ چووە“ و یادی قارەمانێتییەکەی ناکەنەوە.

 

محەمەد شکور جەختی لەوە کردووەتەوە، مامەڕیشە، کە لە ٢٤-١-١٩٨٥ شەھیدبوو، موڵکی کوردستانە نەک یەکێتی و لە ساڵی ٢٠١٧ش بەرپرسێکی ئەو حزبە بە قایمقامی چەمچەماڵی گوتبوو، ”واز لە یادکردنەوەی مامەڕیشە بێنن“.

 

ھەروەک لە راگەیەندراوەکەدا، ئەو برایەی مامەڕیشە رایگەیاندووە، برپرسانی ئێستای یەکێتی ”مشەخۆرن و خەریکی گیرفان پڕکردن و تاڵانکردنی سامانی وڵاتن“، بەڵام مامەڕیشە و خانەوادەکەی ھیچ کات داوای پلە و پۆستیان نەکردووە و شۆڕشیان بۆ خۆدەوڵەمەندکردن بەکار نەھێناوە، ”مامەڕیشە کە شەھیدبوو یەک دینار و روبعێکی لەناو گیرفان بوو“.

ھەواڵی زیاتر