‌عارف قوربانی: شانزەی ئۆکتۆبەر وەک پەڵەیەکی ڕەشی مێژووی یەکێتی دەمێنێتەوە

نوسەر و ڕۆژنامەنوسێکی سەر بە یەکێتی ڕایگەیاند شانزەی ئۆکتۆبەر وەک پەڵەیەکی ڕەشی مێژووی یەکێتی باسدەکرێت و جەختیشیکردەوە بەرپرسیارێتی یەکێتی ئەوەیە دەستبارداری ئینکاریکردن ببێت لە وەرگرتنی پۆستی پاریزگاری کەرکوک.

عارف قوربانی نوسەر و ڕۆژنامەنوسی سەر بە یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە وتارێکیدا بە ناوی “‌بەرپرسیارێتی یەكێتی لە مەسەلەی كەركووك” ئەوەی خستوەتەڕوو شانزەی ئۆكتۆبەر لە چركەساتی روودانییەوە تا كورد بمێنێ‌، وەك پەڵەیەكی رەش لە مێژووی (ی.ن.ك)دا باس دەكرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو سەرکردانەی یەکێتی کە لەگەڵ لایەنەکانی تر ڕێککەوتبوون لەبارەی کەرکوکەوە دەبوو بە جۆرێک ڕێکبکەوتنایە کە ئیدارەی شارەکە لەدەست یەکێتیدا بمێنێتەوە و پێی وایە “كەركووك لەدەستی یەكێتیدا بمایەتەوە هاوسەنگیی هێز بۆ هەرێمی كوردستانیش دەگەڕایەوە، بەڵام ئەمەیان نەكرد و كەركووكیان خستە ناو قوڕگی شێرەوە”.

ئەو ڕۆژنامەنوسە ئەوەشی خستوەتەڕوو “یەكێك لەو رێگایانەی ئەمڕۆ لە پرۆسەی زاڵكردنی هەژموونی عەرەب لەسەر كەركووك بەكار دەبرێت، ئیدارەی شارەكەیە، پۆستی پارێزگار كراوەتە ئامرازێك بۆ تەشەیوع و بۆ تەعریب”.

عارف قوربانی باسی لەوەش “بەرپرسیارێتی یەكێتی ئەوەیە دەستبەرداری ئەو ئینكارییەی بێت كە هەر دەبێ‌ پارێزگار یەكێتی بێت، لەكاتێكدا پارێزگار لەناو ئەنجوومەن دادەنرێت و ئەندامانی یەكێتی لە پارتی و لە عەرەب و توركمانیش كەمترن”.

ھەواڵی زیاتر