مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی پاش ساڵێک و ٤ مانگ کۆتایی بە پرسەی مام جەلال هێنا

پاش ئەوەی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاساوێکی بۆ تازە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هێنایەوە، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پاساوەکە وەک قسەیەکی جێگەی پێکەنین بڵاو دەکەنەوە.

 

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ٨ی ١ی ٢٠١٩، میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبێ ئاماژەدان بەوەی هەر گرووپێکی حزبەکە کەرکووکی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا ڕادەستی عێراق کردووە، مزگێنیی ئەوەی بە خەڵکی دا کە لە نیوەشەودا ئاڵای کوردستانیان لە سەر بارەگاکانیان هەڵکردووە. پاشان لە لایەن بەڵبەندی کەرکووکی یەکێتییەوە هۆکاری نەبوونی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانی حزبەکە بۆ کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی گەڕێندرایەوە هەرچەندە مام جەلال لە ٣ی ١٠ی ٢٠١٧دا کۆچی دوایی کردنی ڕاگەیاندراوە.

 

مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی ئاماژەی بەوە داوە: ”دوای وەفاتی مام جەلال، ئێمە لە تەواوی بارەگاکانمان ئاڵاکانی (کوردستان و عێراق و یەکێتی)مان داگرت“ و ”ئەمڕۆش جارێکیتر بە فەرمی ئاڵای کوردستان و عێراق و یەکێتی لە سەر بارەگاکان دانرانەوە“.

 

لە بەرامبەردا بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو، ئەم پاساوەی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتییان وەک هۆکاری پێکەنین بینی و ئاماژەیان بەوە کرد کە بە لای مەڵبەندەکەی یەکێتییەوە دوای ساڵێک و ٤ مانگ پرسەی مام جەلال کۆتایی هاتووە.

ھەواڵی زیاتر