پۆلیسى كه‌ركوك: بڕیارى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ به‌غداوه‌ دراوه‌‌

گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى كه‌ركوك رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیارى هه‌ڵكردنى ئاڵا كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاى حزبه‌كان له‌ به‌غداوه‌ بووه‌و، هیچ هێزێكى عێراقى ئیتر چاودێر ناخاته‌ سه‌ر باره‌گاكان له‌سه‌ر هه‌ڵكردنى ئاڵا.

ئه‌فراسیاو كامیل گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى كه‌ركوك، به‌ ئاژانسی پەیامنێری راگه‌یاند، هیچ هێزێكى دژه‌تیرۆرى عێراقى له‌ كه‌ركوك نه‌كشاوه‌ته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ هاتنى هێزى نوێى ئه‌مه‌ریكا بۆ كه‌ركوك باسیله‌وه‌كرد، ساڵانه‌ ئه‌و هێزه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌ ئاڵوگۆڕیان پێكراوه‌ ئه‌مساڵیش هه‌ر له‌وچوارچێوه‌یه‌ بووه‌.

گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى كه‌ركوك، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ كه‌ركوك، گوتى”ئه‌و بڕیاره‌ له‌ به‌غداوه‌ بووه‌و هیچ هێزێكى عێراقى له‌ كه‌ركوك وه‌ك جاران چاودێرى ناخاته سه‌ر باره‌گاكان، به‌مه‌به‌ستى رێگریكردن له‌ هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ كه‌ركوك”.

ئه‌مشه‌و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانی له‌ پارێزگای كه‌ركوك ئاڵای كوردستانی هه‌ڵكرد، عه‌لی قه‌ڵایی كارگێری مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكى یه‌كێتی، به‌ په‌یامنێری راگه‌یاند، له‌لایه‌ن دژه‌تیرۆری عێراقه‌وه‌ كه دۆسیه‌ی ئه‌منی ئه‌م شاره‌یان له‌ ده‌سته‌، “ئاگاداركراوینه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌توانین ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانمان هه‌ڵبكه‌ین”.

ئه‌و كارگێڕ مه‌ڵبه‌نده‌ی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك هه‌روه‌ها گوتی،”حكومه‌تی عێراق پاڵپشتی ئه‌و كاره‌ی كردووین و دژایه‌تی خۆی بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵا له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ له‌سه‌ر باره‌گاكان ده‌رنابڕێت”.

ھەواڵی زیاتر