شێخ جەعفەر : مەحمود سەنگاوی شەکری شکاندووە باس لە دوو ئیدارەیی دەکات

فەرماندەی یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگە کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بە توندی وەڵامی بەرپرسێکی حزبەکەی لەبارەی دوو ئیدارەیی دەداتەوە و ڕای دەگەیەنێت کە دوو ئیدارەیی ”لە خیانەت و ساختەچێتی زیاتر، هیچ شتێکیتر نییە“.

 

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی (٧٠)ی ھێزی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاند: “ئەوەی باسی دوو ئیدارەیی بکات، شەکری شکاندووە، چونکە دوو ئیدارەیی جگە لە خیانەت و ساختەچێتی، ھیچ شتێکی دیکە نییە”.

 

لەبارەی قسەی بەرپرسێکی یەکێتیش بۆ پشتیوانیکردن لە دوو ئیدارەیی، شێخ جەعفەر جەختی کردەوە: “ھەر کەسێک لەناو یەکێتی باسی شتێکی جیاواز بکات، بەسەر یەکێتییەوە ماڵ نییە، چونکە یەکێتی گوتەبێژی خۆی ھەیە و گوتەبێژەکەمان بۆچوونی فەرمیی یەکێتی ڕادەگەیەنێت، بۆیە ئەو کەسانەی بەشێوازی جۆراوجۆر لەسەر پرسێکی دیاریکراو قسە دەکەن، بۆچوونی شەخسیی خۆیانە و یەکێتی لێی بەرپرسیار نییە”.

 

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئاماژەی بەوەش دا: ”دوو ئیدارەیی کارێکی خراپە و زەرەر لە خەڵکی کوردستان دەدات، بێگومان لەبری ئەوەی باسی دوو ئیدارەیی بکەین، باشترە یەکڕیزیی نێوماڵی کورد بپارێزین و ھەموومان لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانمان چارەسەر بکەن”.

ھەواڵی زیاتر