ڕکابەری یــــــــــــــــا ملشکاندن !

لوقمان بیارەیی

ئەگەر ھەوڵێک ھەبێت بۆ باشترکردنی دۆخەکە بە گشتی، ئەگەر زەمینەیەک بڕەخسێ تا تەکانێک بچینە پێش، ئەوا لە بەرامبەردا و لە سەر دەستی ھەندێک جاش سیغە، بەردەوام لێبڕانێک ھەیە بۆ تێکدانی! نەفەسێکی سیاسی ھەیە بەردەوام کار لەسەر تۆخکردنەوەی جیاوازیەکان دەکات، شار بە گژ شاردا و ناوچە بە گژ ناوچەدا دەکات، مردو شۆر و مردو ئەتککەر ھەر خۆیەتی! ڕکابەری لای ئەو یانی ملشکاندن، شکست قبووڵ نیە، یەک کورسیش بێنم ھەر عەنتەرەکەی جارانم و چۆنم بوێ ئاوا ئەرزی خۆم دەکێڵم! باش و خراپم دەبێت ھەر باش بێت! ئەھا گرێ کوێرەکە لێرەدایە!

گەشتووینەتە سەردەمێک، قێزەونترین مۆدیلی سیاسەت پەیڕەو دەکرێت، لە بندەستی خۆیدا کەرکووک دەردەھێنرێ و دەدرێ بە دوژمن، جموور و ھاوکارە بۆ کەوتنی ھەولێر، ریفراندوم بە(کەتن)دەزانێ، ھەر پێی ئاساییە! کەچی کەوتنی عیفرین و لەدەستدانی منبج بە خەسارەتی نەتەوەیی دەزانێ! لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ لێرە و لەوێ، تاک و تەرا، جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری کورد جاشی ھەر تیا بووە، بەڵام موخلیسی جاشی ئێستا جۆرێکی ترە، تەواو کارامەن لە بە جێھێنانی ئەرکی تێکدەرانەی خۆیان! بە ڕاستی مودێلێکی دانسقەیان لە جاشایەتی دروستکردووە، موعجیزەیە جاش بیت و قەناعەتیش بە خەڵکی بێنی، نیشتیمان پەروەر و کورد پەروەر ھەر خۆتی! قەناعەتیان پێ بێنی ئەوەی لە نەھامەتی دێتە پێش ئەم ھەرێمە، خەڵکیتر ھۆکارە و جارجارە ئەگەر ئاسودەیەک و خۆشبەختیەکیش بێتە پێشی، ئەوە لە فەزڵ و ھیممەتی تۆیە نەک کەسی تر!

فەیلەسوفی لیبیایی(صادق النیھوم)دەڵێ: ئەو میللەتانەی کە جورئەتی دۆزینەوەی نەخۆشی خۆیانیان نیە، دواتر بە ئازایەتی لە دەرمان خواردندا دەمرن! بۆیە من بەش بە حاڵی خۆم ناڕەحەت نیم لەو حیزب و کەرگەلانەی کە شانازی بە جاشبوونی خۆیانەوە دەکەن، ئەوەی کە تەواو پێی قەڵسم، ئەو بێ ھەڵوێستی و دەستەپاچەییەی زۆرێک لە تاکی باشووریە کە جورئەتی ئەوەی نیە پەنجە بۆ تاوانباری سەرەکی ڕابکێشێ! لە بری ئەمە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی، دەست دەداتە بابەت و پاساوگەلێک کە بۆ ئەم قۆناغە گونجاو نین، نایەوێ لەوە تێبگات ئەو میللەتانەی کە بوونە نەتەوە، سەرەتا بە ئازایەتی و وەستانەوە بەرامبەر دوژمنیان دەستیان پێکرد، پاشانیش بە زیرەکی پێشکەوتن! ئەم قۆناغەی ئێمە ئێستا پێویستمان بەوەیە: ئەو پەنجەیەی لە بری شێلانی پەنجەکەی تر، ھەوڵی شکاندنی دەدات، دەبێت بشکێنرێ پێویستە ببڕدرێت! خیانەتکار دەست نیشان بکەین و پاشان ڕوو بکەینە دوژمن و پێی بڵێین: ئێمە ھەین! نەک دابنیشین سوشیالیزم و ناسیونالیزم بە گژ یەکدیدا بکەین! لە بێ چارەییدا داوای ڕووخانی سەرمایەدار بکەین!

بە داخەوە، ئەم باشوورە سەردەمێک بوو، بەڵای سەر سەری داگیرکەران بوو، پێشەنگ بوو لە ھەڵگیرسانی شۆڕشەکانی کورد دا، کەچی ئەمڕۆ بۆتە مەخسەرە، تەسلیمبوون و سەرکزکردنی کردووە بە عادەت .

ھەواڵی زیاتر