لە نێوان پێشمەرگەی رۆژ و بەشار ئەسەد، یەپەگە دووەمی ھەڵبژارد

بیروڕا – ھەكار ھەركی

دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاری دا ھێزەكانی لە رۆژئاوای كوردستان بكشێنێتەوە، توركیا و ئەمریكا و لەسەر ئەوە رێككەوتن “داوا لە بارزانی بكەن، پێشمەرگەی رۆژ بگەڕێتەوە رۆژئاوای كوردستان و پشتێنێكی ئەمنی لە نێوان ھێزەكانی توركیا و یەپەگە درۆست بكەن” بەلام ھەر زۆ پەكەكە و ئێران و رووسیا و سووریا ئەمەیان رەتكردەوە، ئەمرۆش یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) منبجی بۆ بەشار ئەسەد چوڵكرد و دوای ھەزاران شەھید، كشایەوە!

پێشتریش كاتێك توركیا بڕیاریدا عەفرین داگیر بكات، یەپەگە داوای لە ئەسەد كرد ھێز بۆ عەفرین بنێرێت، بەلام نەیانتوانی رێگری لە داگیركاری توركیا بگرن.

ڕادەستكردنەوەی خاك بە بەشار ئەسەد لەلایەن یەپەگەوە، ھندە جێگای شووك نیە، چونكە وەك روونە، رۆژئاوای كوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە بە ئەمانەت لەلایەن بەشارەوە بە یەپەگە دراوە و ئستاش كە بەشار ئەسەد دەسھەلاتی بۆ گەڕاوەتەوە، داوای ئامانەتەكەی دەكاتەوە.

لێرەوە دەبێت بپرسین، كام شوڕش و بەرخۆدانە یەپەگە شانازی پێوە دەكات ؟ لە كاتێكدا خوێنی ھەزاران رۆلەی كوردی بۆ رشت و وا بە ئاسان رادەستی دەكاتەوە.

خەریكە یەپەگە ئەوە لە بیری خەڵكی رۆژئاوا دەباتەوە كە دوژمنی ڕاستەقینەی ئەوان “بەشار ئەسەد”ـە، وای وێنا دەكات ئەوەی ناسنامەی پێ نەداون “حوكمەكەی رژێمی بەعسی سوری و عەلەوی نیە”، یەپەگە و داعش و نوسرە، باشترین خزمەتیان بە بەشار ئەسەد كرد و (عمود فەقەری) مانەوەی حكومەتی عەلەوی سووری بوون، داعش و نووسرە رۆخانی بەشاریان گوڕی بۆ لەناوبردنی تیرۆر و، یەپەگە رق و قینەی خەڵكی رۆژئاوای لە بەرامبەر بەشار ئەسەد گوڕی بۆ ئەردوگان.

لە كاتێكدا ئەو نەھامەتیانەی بە درێژایی مێژوو بەسەر خەڵكی رۆژئاوادا ھاتوون ، بەشار و حافز ئەسەدی باوكیەتی، نەك تیرۆر و ئەردوگان.

ھەكار ھەركی

ھەواڵی زیاتر