سوپای سووریا چووە نێو منبج و یەپەگە دوای ھەزاران شەھید كشایەوە

دوای کشانەوەی یەپەگە و لەسەر داوای ئەو هێزە، سوپای سووریا چووە نێو منبج و ئاڵای ئەو وڵاتەیان لەنێو شارەکە هەڵکرد.

سوپای سووریا دوای چوونە نێو منبج راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: “لە روانگەی پابەندبوونی تەواوی سوپا بە هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی نیشتمانیی بۆ سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت بەسەر هەموو بستێکی خاکی کۆماری عەرەبی سووریا و لە وەڵامی بانگەوازی خەڵکی ناوچەی منبج، فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکان، چوونی چەند یەکینەیەکی سوپای عەرەبی سووری بۆ نێو منبج و بەرزکردنەوەی ئاڵای کۆماری عەرەبی سووریا لەو شارە رادەگەیێنێت”.

سوپای سووریا هەروەها رایدەگەیێنێت: “فەرماندەیی گشتیی سوپا جەختدەکاتەوە لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵی هەموو رۆڵەکانی نیشتمان بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانیی و سووربوونمان دووبارەدەکەینەوە لە بنپێکردنی تیرۆر و دەرکردنی هەموو داگیرکەران لەسەر خاکی پاکی سووریا”.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەشدا ئاماژە بەوەکراوە کە سوپای سووریا “ئاسایشی تەواو بۆ هەموو هاونیشتمانییانی سووریا و ئەوانی دیکە کە لە ناوچەی منبجن گەرەنتی دەکات”.

هەر ئەمڕۆ فەرماندەیی گشتی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە داوای لە هێزە چەكدارەكانی سووریا دکرد، بەئەركی خۆیان هەڵسن و سنووری شاری منبج لە هەڕەشەكانی توركیا بپارێزن.

لە راگەیێندراوەکەی یەپەگەدا هاتبوو، داوا لە دەوڵەتی سووریا دەكەین كە لەڕووی خاك، گەل و سنوورەوە سەربە سووریاین، هێزە چەكدارەكانی رەوانەبكات بۆ پاراستنی ناوچەی منبج لەبەردەم هەڕەشەكانی توركیا.

دوای چوونی سوپای سووریا بۆ منبج، رووسیا خۆشحاڵی خۆی بەو هەنگاوە دەربڕی و کۆشکی کریملین رایگەیاند، خۆشحاڵین بە رادەستکردنەوەی ناوچە کوردییەکان بە حکومەتی سووریا.

ھەواڵی زیاتر