کورد بوون لە نێوان واقیع و خەیاڵدا

لوقمان بیارەیی

سامی پێشمەرگە ڕەش و ڕووتەک بوو، ھەلھەلەی دایک و خوشکی شەھیدەکانی کوردانی ڕۆژئاوا بوو داعشی ڕاگرت، نەک چەک و زانیاریە سەربازیە ڕزیوەکان!

ململانێی سەقەتی حیزبی، شیرازەی کۆمەڵگە تێک دەدات و تاک لاواز و بێئیرادە دەکات، نەوەیەکی بێ تەکبیر و چاو لە دەست بەرھەم دێنێت کە ئاسایشی نەتەوەیی کورد لە ئایندەدا دەخاتە مەترسیەوە! من دیسان ئەم عاطیفەیە دەخەمەوە بەر باس، تۆش مەیێ موزایەدەی ئینسان بوون و بەیت و بالۆرەی یەکسانیم بۆ بھۆنیتەوە، ئەگەر بابەت ئەوە بێت، دەی من لە عانی بێوەزعیشدا و تەنانەت لە ئەسنای واجبی پێشمەرگایەتیشدا دەستم نەچۆتە خوێنی سوێسکەیەکیش، بەڵام ئەو عاطیفەیە بۆ سوێسکەیەک مانای ئەوە نیە دانیشم تا دوژمن بەزەیی پێمدا بێتەوە و نەمکوژێت! زۆر بێ مەعناییە لە جیاتی گۆڕینی مەنھەجی خوێندن و ھاندانی خەڵکی بۆ خودسازی، لە جیاتی فێرکردنیان و پێگەیاندنیان بۆ دوا ڕۆژی ئەم وڵاتە، بێیت بتەوێت دڵی گەنج ڕاکێشی بە لای حیزبەکەتدا، بە شتی مناڵانە لە خۆتی ڕازی بکەیت، ئەمە چیە! با دەنگم بداتێ! دەی ئەگەر بابەت ڕازیکردن بێت، وەڵڵا ئەو ھەر بە نان و ھینی بەلاش ڕازی دەبێت!

سەرمایەدارێکی عیملاق بەردەوام پلانی ئابووری یەدەگی ھەیە، تەنانەت بە دیققەت خەرجی ڕۆژانەی خۆیشی دەکات، بۆچی! چونکە دەترسێ ڕۆژگار فرسەتی لێبگرێت ئیفلاسی پێبکات! ئەمریکا حیسابی ئەوە دەکات، نەکا لە گۆڕانکاریەکی کتوپڕی گەردوونیدا، پڕۆژە HAARP کەیو ھەموو چەکە نیترۆجینی و ناوکیەکانی کار نەکەن! بۆیە بە پلان کۆمەڵگەی ئەمریکایی دابڕیوە لەو عاطیفە و موو نەرمیەی کۆمەڵگەی ئەوروپی، تاکی ئەمریکی بە دوور گرتووە لە خەیاڵپڵاو، ئێستاش کە ئێمە وا دەزانین دنیا بە درووشمی پەپوولەیی بەڕێوە دەچێت، تا درەنگانی شەو لە سەر سووچی زۆربەی شەقامە شەعبیەکانی شارەکانی ئەمریکا پڕیە لە چەقۆ کێش و شەقاوەی فیلەتەن و خاڵخاڵین! یانی ئەوە نیە من و تۆ بێین وەکوو وڵاتێکی ئەوروپی، لە شارێکی ئەمریکا پارچە موقەبایەک لە سەر شەقامێک ڕابخەین و ئیتر گەنج و پیری ئەمریکیمان لێ کۆ ببنەوە و بە دیارمانەوە دڵیان پڕ ببێت و پارەمان بدەنێ! ئەم بابەتەم لە یەک دوو خزم و برادەر کە لە ئەمریکا دەژین تەئکید کردەوە، وتیان: بەڵێ ئەوە ھەیە و ناڕاستەوخۆ خودی حکومەت بە پلان کاری لە سەر دەکات!

کەواتە دەی بیھێننە بەرچاو خۆتان، ئەگەر تەکنلۆژیای پێشکەوتووی سەربازی لە کار بکەوێت، سویدیەک، ھۆڵندیەک، نەرویجیەک و…ھتد، چۆن دەتوانێت بەرامبەر جڕ و جانەوەری تالیبان و حەشدی شەعبی و پاسدار و داعش بجەنگێت! مەگەر بڵێ: تکایە خۆشەویستەکەم چاوەڕێم دەکات، نەیێیتە پێشەوە بە مەرەکەب جلەکانت پیس دەکەم! ئێمە کاتی ھاتنی داعش بە عەمەلی بەری ئەم بێ پلانی و موو نەرمیە ڕێگەی پێگرتین، ڕەش و ڕووت پڕۆلیتارە عەوامەکە نەبوایە، ئێستا ئافرەتەکانمان لە وڵاتانی کەنداو دەخرانە موزایەدەوە! کە دەڵێم ڕەش و ڕووتی عەوام! مەبەستم ئەوەیە: ئێستا ئێسقانت نەرم نەبێ و ناسکخۆر نەبیت، بە عەوام و ناموسەقەف دەبینرێیت! ئێمە نەک ھەر خاوەنی تانکێک، مەدفەعێکی باش نەبووین، تەنانەت خاوەنی نیشان شکێنێکی باشیش نەبووین! چەکە باشەکانمان نیوەیان لە شانی حیمایەکاندا بوون لە ناو شار پۆزیان پئوە لێدەدرا! زانیاریە جەنگیە ئەکادیمیەکانمان ژەنگیان پێوە بوو، چوار صندوق گوللە تۆپ و ھاوەنمان دەتەقاند جەمەلۆنێکی بیست میتر بە شەست میترمان نەدەپێکا! بەڵام داعش ئەگەر یەکەم گوللەش نەبوایە، حەتمەن بۆ دووەم گوللە دەیانخستە چەقی سەنگەرەکانمانەوە! ئەھا ئەوە سام و حەماسەتی پێشمەرگە ڕەش و ڕووتەکە بوو، ھەلھەلەی دایک و خوشکی شەھیدەکانی کوردانی ڕۆژئاوا بوو داعشی ڕاگرت، نەک چەک و زانیاریە جەنگیە ڕزیوەکان!

ژیانێکی بخۆ و بڕۆ و سیاسەتێکی کوێرانە پەیڕەو دەکەین، عیبرەت لە ھەڵەکانمان وەر ناگرین، ئەمڕۆ ئەدەینە دەست سبەی و سبەینێش دەست بە کڕووزانەوە دەکەین، ھەوڵ بۆ بە دەست ھێنانی قووەتێکی ئەمنی ئابووری زاتی نادەین، تەنانەت نەمانتوانیوە مزگەوتەکان و ئیمام و فتواکانیش خۆماڵی بکەین! ھەر کرێچین! جا کرێچی چەندە ژیانی فەراھەم و خۆش بێت، ھێشتا ھەر ئاسایشی خێزانی و ئایندەی ھەر لە مەترسیایە! ناتوانین ببینە دکتاتۆری نەفسی خۆمان و تێڕوانینی خۆمان تا ئەو کاتەی دەگەینە ئامانجە گەورەکە، ھەموو شتێکمان بۆ ورگ و بۆ ھەوەسبازی دەوێ، تەنانەت دەوڵەتیش! لە ناوەڕاستی دەریایەکداین، ئەو بەلەمەی خۆمان پێوە ھەڵواسیوە بەرگەی ھەڕەشەی شەپۆلێکی تووڕە ناگرێت .

ھەواڵی زیاتر