ده‌زانن هێرۆ خان چی لێ هاتووه‌؟

بارزان عەلی حەمە

ده‌ڵێن تا دوو ساڵیش پێش ئه‌وه‌ی خومه‌ینی بمرێت، هیچ بڕیارێكی سیاسی له‌ ئێراندا ئه‌و پیاوه‌ ده‌ری نه‌كردووه‌، به‌ڵكو ئه‌حمه‌دی كوڕی به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ فه‌رمانی ده‌ركردووه‌ و هه‌ر به‌ناوی ئه‌ویشه‌وه‌ نامه‌ی بۆ مه‌رجه‌عییه‌ته‌كان ناردووه‌ و به‌ناوی باوكییه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی به‌ڕێوه‌ بردووه‌، به‌ كه‌یفی خۆی سه‌ركرده‌كانی لاداوه‌ و نه‌یاره‌كانی سڕیوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت نزیكترین دۆستی باوكی كه‌ ئایه‌توڵا مونته‌زه‌ری بوو، كردییه‌ دوژمنی ده‌سه‌ڵات و به‌ قه‌ولی خۆیان خه‌لعلعه‌بای كرد.

خومه‌ینی تووشی شێرپه‌نجه‌ی قۆڵۆن ببوو، له‌ ساتی ده‌ستنیشان كردنی نه‌خۆشییه‌كه‌یدا، خوێنی له‌گه‌ڵ پیسایی داده‌نا، ئه‌وانه‌ی تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ ده‌بن، له‌ كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیان، نه‌ حاڵه‌تی ڕۆحی و نه‌ حاڵه‌تی جه‌سته‌ییان هی ئه‌وه‌ نییه‌ پۆست و پله‌ و پایه‌ی ده‌وڵه‌تیان له‌ده‌ستدا بمێنێت.

لای ئێمه‌ش به‌ناوی سه‌ركرده‌ نه‌خۆشه‌كانه‌وه‌ لێدوان ده‌درا، به‌یاننامه‌ ده‌رده‌كرا و پیرۆزبایی له‌م و پرسه‌ نامه‌ بۆ ئه‌و ده‌نێردرا، به‌ ناوییه‌وه‌ سیاسه‌ت ده‌كرا و ئه‌و لاده‌درا و ئه‌م ده‌هێنرا، به‌رده‌وام ده‌یان وت: باری ته‌ندروستی ته‌واو جێگیره‌ و كه‌چی له‌پڕ ته‌رمه‌كه‌یان بۆ ده‌هێناینه‌وه‌.

ژنێك، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ وێنه‌كانیدا له‌ دایكی پیرتر ده‌رده‌كه‌وێ، ڕۆژگارێك له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێكی حیزبه‌كه‌یدا ته‌با بووایه، ده‌یگه‌یانده‌ لوتكه‌ و پشتیشی بكردایه‌ته‌ هه‌ر كه‌س، خۆری به‌سه‌ردا ئاوا ده‌كرد، سه‌رۆك كۆماری ئه‌مڕۆی عێراق، كه‌ چوار ساڵ به‌ر له ئه‌‌مڕۆ، به‌ ئاواتی گه‌شتنه‌ مه‌قامی ئێستای بوو، ئه‌م ژنه‌ بوو كه‌ نه‌یهێشت بگاته‌ ئاواته‌كه‌ی.

هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ته‌مه‌نی حه‌فتا ساڵ و ژنی ڕابه‌ری كورد جه‌لال تاڵه‌بانی و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ئێستا نه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كانی حیزبه‌كه‌ی ده‌كات و نه‌ وه‌ك دوێنێش فه‌رمانه‌كانی بێ ئاسته‌نگ و له‌مپه‌ر تێده‌په‌ڕن، دواجار كه‌ ویستی وه‌ك چوار ساڵی ڕابردوو نه‌هێڵێت به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، بگاته‌ ئاواته‌كه‌ی، نه‌یتوانی ڕێی لێ بگرێ و به‌ پاڵپشتی كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی خۆی (پاڤڵ)، نه‌یاره‌كه‌ی دایكی گه‌یه‌نرایه‌ ته‌ختی سه‌رۆكایه‌تی عێراق و ئه‌م ژنه‌ش، نه‌ وه‌ك دوێنێ ئاسته‌نگی بۆ دروست كرا و نه‌ كه‌سیشی پێ سزا درا.

له‌ ئێستادا، هێرۆی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه‌ (كه‌ دیار نییه‌ چییه‌؟!) ده‌ناڵێنێ و ئه‌وانه‌ی لێی نزیكن و زانیارییان لایه‌، ده‌ڵێن: هیچ قسه‌یه‌كی پێ ناكرێ و كاروباره‌كانی خۆی و نوسینگه‌كه‌شی پێ به‌ڕێوه‌ ناچێت، ئه‌م ژنه‌ كه‌ هێز و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دوێنێی لێ داماڵراوه‌، نه‌خۆشی و كه‌نه‌فتی ڕۆژگاریش، توانا جه‌سته‌ییه‌كانی لێ سه‌ندووه‌ته‌وه‌ و ئێستا خوشكه‌كه‌ی (شاناز) كاروباری نوسینگه‌كه‌ی بۆ به‌رێوه‌ ده‌بات و به‌ به‌ ناویه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات.

له‌ پاش مه‌رگی جه‌لال تاڵه‌بانی، ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناو یه‌كێتی و به ‌تایبه‌تیش بنه‌ماڵه‌ی كۆچكردوو، به‌ ته‌واوه‌تی په‌رت بووه‌ و له‌لای كه‌سێكی دیاری كراو نه‌ماوه‌ته‌وه‌، هه‌ر یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی تاڵه‌بانی له‌لایه‌ك و برازاكانیشی له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، به‌ جۆرێك سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، كه‌ هیچ هێڵێك نایان به‌ستێته‌وه‌‌ به‌ یه‌كدییه‌وه‌ و له‌ولاشه‌وه‌، خانه‌واده‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌ی له‌ هێرۆی هاوسه‌ری تاڵه‌بانیدا كۆ ببووه‌وه‌، به‌ ته‌واوه‌تی په‌راوێز خراون و ته‌نانه‌ت كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی خۆیشی له‌ فه‌رمانه‌كانی ده‌رده‌چێت و به‌ قسه‌ی ناكات! وا دیاره‌ ئه‌مڕۆ، له‌ میراتی ته‌ختی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ته‌نیا به‌شی ژنێكی پێ دراوه‌ و كه‌م كه‌م وا خه‌ریكه‌ به‌ هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌و به‌شه‌یشی له‌ده‌ست نامه‌نێت.

زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌ كوردستان سه‌ركرده‌یه‌ك نه‌خۆش بكه‌وێت و میلله‌ته‌كه‌ی بزانێت كه‌ چییه‌تی؟! نه‌خۆشی و ناڕه‌حه‌تی سه‌ركرده‌كان، كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر ژیانی گه‌له‌كه‌یان، بۆیه‌ له‌ جیهاندا، وه‌ك عورفێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی (له‌ هه‌ندێ شوێنیش قانوونی!) هه‌ر كاتێك سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی و كاربه‌ده‌ستێكی باڵا نه‌خۆش بكه‌وێت، ده‌بێت میلله‌ته‌كه‌ی ئاگادار بكاته‌وه‌ و ئه‌گه‌ری مان و مردنی خۆی به‌ هه‌مووان بڵێ.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، دیارترین حیزبی سیاسی باشووری كوردستان بوو، بانگه‌شه‌ی شه‌فافییه‌ت و ته‌كنۆكراتیزمی ده‌كرد، داوای ده‌كرد خه‌ڵكی كوردستان هه‌موو شتێك بزانن، كه‌چی خۆی سێ ساڵ لێی شاردینه‌وه‌ كاك نه‌وشیروان چییه‌تی؟! هه‌رگیز پێی نه‌وتین: بۆچی ئه‌و پیاوه‌ له‌ پڕ ده‌چێته‌ ئه‌وروپا و به‌ ساڵ نایه‌ته‌وه‌؟ ئێستاش كه‌ مه‌ڕحومیان له‌ ژیاندا نه‌ماون، هه‌ر به‌ خه‌ڵكی كوردستانیان نه‌ وت: نه‌خۆشییه‌كه‌ی چی بوو؟ به‌ چی مرد؟ گه‌رچی به‌نده‌ به‌ وردی ده‌مزانی و پێویستم به‌ به‌یاننامه‌ی ئه‌وان نه‌بوو، به‌ڵام ده‌بووخه‌ڵكی كوردستان بزانێت یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی، چی به‌سه‌ر هاتووه‌؟ عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح كه‌ یه‌كێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بوو، هه‌میشه‌ به‌ناوییه‌وه‌ لێدوانی ده‌دا، هه‌ڤاڵ ئه‌بووبه‌كر كه‌ یه‌كێكی تر له‌ سه‌ركرده‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ بوو، ده‌یوت: كاك نه‌وشیروان به‌ پڕۆژه‌وه‌ دێته‌وه‌، به‌ڵام كاك نه‌وشیروان به‌ كه‌نه‌فتی هاته‌وه‌ و پاش چه‌ند ڕۆژ مه‌رگیان ڕاگه‌یاند، ده‌بوو هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ناویه‌وه‌ لێدوانیان دابوو سزا بدرانایه‌ و نه‌دران.

زیاتر له‌ دوو ساڵ مام جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ كۆما (غه‌یبوبه‌)دا بوو، نه‌ به‌ گه‌لی كورد و نه‌ به‌گه‌لانی عێراقیان نه‌ وت چییه‌تی و چی به‌سه‌ر هاتووه‌؟ خه‌ڵك له‌و به‌ینه‌دا تیرۆر كرا، چونكه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی مامی بۆ یه‌ك دوو سه‌ركرده‌ی باڵای حیزبه‌كه‌ی ئاشكرا كردبوو، نه‌ك بۆ خه‌ڵكی كوردستان.

له‌م رۆژانه‌دا یاسه‌مین په‌هله‌وی، ژنی شازاده‌ی پێشووی ئێران، گه‌رچی هیچ پۆست و پله‌ و پایه‌یه‌كی فه‌ڕمییان له‌ ده‌ستدا نه‌ماوه‌، به‌ڵام تووش بوونی خۆی به‌ شێرپه‌نجه‌ ڕاگه‌یاند و خه‌ڵكی ئێرانی لێ ئاگادار كرده‌وه‌، له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا، ئه‌سما ئه‌سه‌د، ژنی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆك كۆماری سوریا، گه‌رچی وڵاته‌كه‌ی له‌ خراپترین دۆخی سیاسی و سه‌ربازیدایه‌، به‌ڵام تووش بوونی خۆی به‌ شێرپه‌نجه‌ ڕاگه‌یاند و گه‌لی وڵاته‌كه‌ی ئاگادار كرده‌وه‌، ئه‌رێ ئێوه‌ش پێمان بڵێن هێرۆخان چییه‌تی؟

ھەواڵی زیاتر