تاڵیادی ١٦ـی ئۆكتۆبەر / بەشی سێییەم

بەشی سێیەم (٣)

چوڵكردنی چەند شوێنێكی ستراتیجی بە بیانوی “تاكتیكی سەربازی”

لە تاڵ رۆژێكی وەك ئەمرۆ ١٣ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، لە ژێر فەرمانی بافڵ تاڵەبانی و لاھور جەنگی، بڕیار درا چەند شوێنێكی ستراتیجی بۆ حەشدی شەعبی چوڵبكرێت و بەمەبەستی زیاتر نزیكبوونەوەیان لە كەركوك، ئەو گرۆپەی ناو یەكێتی داوایان لە وەستا رەسوڵ، بەرپرسی میحوەری باشووری كەركوك كرد چەند سەنگەرێكی ستراتیجی پێشمەرگە پاشەكشەپێ بكات، بۆیە پێشمەرگەكانی فەوجی چواری سەر بە لیوای ١٠٢ـی یەكێتی و بەشێك لە یەكەی ٧٠ بۆ ئەودیوی ئاواكەی كەركوك (مەشرۆعەكە) واتا ناوچەكانی نزیک مریەم بەگ و مەکتەب خالید كشانەوە، ئەوكات وەستا ڕەسوڵ و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند”ئەو پاشەكشەیە تاكتیكی سەربازیەوە و ئێمە سەنگەری زۆر توكمەی كۆنكریتیمان ھەیە و چەك و دەبابەی دۆژمن ناتوانن تێكی بشكێنن”، ئەوەی زۆر سەیربوو گوتی”تەمەنا دەكەین حەشد بێتە پێشەوە”!.(١)

ئەم ناوچانەی لە ١٣ـی مانگ بەبێ تەقە( وەستا رەسوڵ وای گوت) بۆ حەشدی شەعبی چوڵكران، نزیكەی ١٨كم بوو، بەمەش حەشد و سوپای عێراق بەبێ تەقاندنی یەك فیشەكی ئەبرامز! نزیك بوونەوە لە كەركوك كە پێشتر لە ناحیەیی تازە بوون.(٢)

ھەر زۆ وێنەی سەنگەرە چوڵكراوەكان توڕە كۆمەلایەتیەكانی تەنی و لە وێنەیەكدا سەربازێكی حەشد لە سەر كورسی بارەگەیەكی لیوای ١٠٢ـی یەكێتی دانیشتووە و وێنەیەكی گەورەی جەلال تاڵەبانی لە پشت بوو، یەكێك لە وێنەكانی دیكە حەشدێك بە جوتێك نەعلی دڕاوەوە گڕ لە ئاڵای كوردستان بەردەدات.(٣)

پیڵانەكە وابوو، كە ھێزە عێراقیەكان تا پیان بكرێت بەبێ شەڕ بگەن بە نزیكترین خاڵی شاری كەركوك، چونكە پێیان وابوو ئەگەر شەڕەكە لە دەورووبەری كەركوك بكرێت و پێشمەرگە روبەروویان ببێتەوە، خاڵكی ماڵ و حاڵیان چوڵ دەكەن و دەنگدانەوەی گەورەی دەبێت بەمەش كۆمەڵگای نێودەولەتی دێتە سەر ھێل و شەڕەكە ڕادەگرێت، بویە لاھور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی، پشتیان بە وەستا رەسوڵ و رزگار عەلی و ئاسو مامەند و بەرپرسی لیوای ١٠٢ بەست بەمەبەستی كردنەوەی رێگا بۆ حەشد و دزەكردنە پشت سەنگەرەكانی پێشمەرگە و واپیشان بدرێت كە پێشمەرگە شەڕی حەشد ناكات و كارەساتی مرۆیی درۆست نابێت، چونكە پێشمەرگە ڕادەكات و تونای شەڕی نیە (٤)، ئەم پیلانە خیانەتكاریەش بەم ھێزانە ڕاسپێدرا:

-لیوای یه‌كی پیاده‌

-لیوای ١٠٢

-١٢٨ـی دۆكان

-چەند پڵەدارێكی یەكەی ٧٠بەبێ ئاگاداری شێخ جەعفەر

-ھێزە ڕەشەكە

لە ھەمان رۆژدا واتا رۆژی‌ (13/10/2017) بافڵ تاڵه‌بانی‌ له‌ ده‌باشان و له‌ماڵی‌ مام جه‌لال ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان كۆده‌كاته‌وه‌ و بەشێك ده‌قی‌ ئه‌و رێکكه‌وتنه‌یان ده‌خاته‌ به‌رده‌ست كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و سوپای‌ عێراقدا كردویانه‌ و داوای‌ ره‌زامه‌ندی‌ ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كات، به‌ ئاماده‌بون و به‌ته‌له‌فۆن (38) ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ و مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ رۆژی‌ دواتر ئیمزای‌ ده‌كه‌ن.(٥)

ئەم كارەی بافڵ وایكرد ھەریەك لە (مەحمود سەنگای، جەعفەر شێخ مستەفا) بەناچاری بكەونە ژێر پاڵەپەستۆی جێبەجێكردنی پیڵانی خیانەتەكە و ناچار كران لە رۆژانی دواییدا بەشداربن لەم خیانەتە نیشتیمانیە، چونكە بافڵ چەند كۆپیەكی ئیمزای سەركردەكانی یەكێتی بۆ ھەموو فەرماندە سەربازیەكانی كەركوك ناردبوو و پێیان ڕاگەیاندرابوو، ئەو بڕیارانەی لە رۆژانی داھاتوودا من و برای ئەزیم لاھور جەنگی دەیدەین بە كۆی دەنگی ٣٨ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، تەمسیلی تەواوی سیاسەتی یەكێتی نیشێیمانی كوردستانە.(٥)

*بەشی دیكە لەسەر تاڵیادی ١٦ـی ئۆكتۆبەر بەردەوام دەبن

*بەشی یەكەم و بەشی دووەم بخۆێنەوە بۆ ئەوەی زیاتر بابەتەكەتان لا روون بێت.

ھەكار ھەركی

بەلگەكان بۆ تەوای قسەكانی ئەم بەشە بە ژمارە

بەلگەی یەكەم (١)

https://www.iraqakhbar.com/455196

بەڵگەی دوو (٢)

https://bit.ly/2QKqg07

بەڵگەی سێ (٣)

https://goo.gl/DYA3nb

بەڵگەی چوار (٤)

https://ibb.co/fvLuyp

بەڵگەی پێنج (٥)

http://www.awene.com/2017/10/21/64094/

ھەواڵی زیاتر