جاش یان ڕای جیاواز!

‌ لوقمان بیارەیی

لە هیچ قۆناغێکی مێژووی بزووتنەوەی سیاسی و چەکداری کورد دا، بە قەد ئەم قۆناغەی ئێستا جاشبوون نەبۆتە مەترسی بۆ سەر ئایندەی سیاسی کورد!

ئێستا جاشبوون لە حاڵەتەوە بەرەو دیاردەبوون دەچێ، لە دیاردەشەوە بە پڕۆسە دەکرێت، بە پڕۆسەکردنەکەش بە شێوەیەکی موخەطەطە و بۆ ئەوەیە لە عەیبەوە بکرێتە دنیابینی، بۆ ئەوەیە خودی دەستەواژەی(جاش)بگۆڕدرێ بۆ ڕای جیاواز! دواتر بە پاساوی ڕای جیاواز و دنیابینی و سیاسەتی سەردەم، بە پلانێکی تا ڕادەیەک درێژخایەنی سیاسی موخابەراتی، کار لە سەر کەرتکرنی کورد لە ڕیشەوە دەکرێ! وەک ئەوەی کە ئێستا لە زۆنی سەوز ئەم پلانە لە سەر شاری(سلێمانی)تێست دەکرێت! ڕوونتر بڵێم: ئەگەر ململانێ و پێکدادانی پێشوو لە نێوان(پارتی و یەکێتی)دا قەتیسکرابوو، ئەوا ئەمجارە لە جیاتی دوو حیزب، لە نێوان دوو بەرەی سیاسیدا، دوو ناوچەی جێ نفووزی جیاوازدا گشتاندنی بۆ دەکرێت! لە حاڵەتی بەردەوامبوونی ئەم دابەشبوونە سیاسیەدا، ئەوا دووری بۆ مەڕۆن ماوەیەکی تر لە چوارچێوەی ئەو پلانە سیاسیەدا، بەغداد دوو موخاطەبەی جیاواز لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکات، واتە دوور لە ویستی خەڵکە ڕەسەنەکە، دانیشتوانی زۆنی سەوز بە کوردی ڕەسەن و عێراقی دڵسۆز مامەڵە بکرێن، وە دانیشتوانی زۆنی زەردیش بە ئینفیصالی و ڕیفراندومچی و نەیاری عێراق مامەڵە بکرێن و بناسرێن!

ئەگەر تا ساڵی ئایندە ململانێکانی نێوان(ئەمریکا و ئێران)پێ نەنێنە قۆناغی کردارەکیەوە، واتە بە دەستووپێ بڕینی ئێران تەواو نەبن، ئەوا پارتی یان دەبێت ملبدات بۆ پەیڕەوکردنی سیستمی پەنجا بە پەنجای حوکمڕانی هەرێم، کتوومت وەک ئەوەی ساڵانی نەوەدەکان! یانیش ڕووبەڕووی مەترسی و فشاری زیاتر دەبێتەوە .

لوقمان بیارەیی

ھەواڵی زیاتر