هێمن هەورامی لە وەڵامی قوباد تاڵەبانی: سەیرە کەسانێک ڕوویان هەیە باسی دەسەڵاتی قۆرخکراو بکەن

سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی قسەکانی سەرۆکی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە و سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەربڕی کە چۆن لە ڕوویان دێ باسی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی قۆرخکراو بکەن، لە کاتێکدا خۆیان دەسەڵاتیان لە سلێمانی قۆرخ کردووە.

هێمن هەورامی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨، لە میانی وتارێکیدا کە لە شارۆچکەی قەرەداغ لە سنووری پارێزگای سلێمانی پێشکەشی کرد، ڕای گەیاند: ”ئێمە وەکوو خەڵکیتر نین بەڵێنی ناوەڕۆک بەتاڵ بکەین و تەنیا بۆ دەنگی هەڵبژاردن بەڵێنی ناڕاست بدات، پارتی حزبی بەرپرسیارێتییە“. ڕوونیشی کردەوە: ”پارتی حزبی سەرانسەری کوردستانە و ناوچەگەرێتی ڕەت دەکاتەوە“.

هێمن هەورامی لە وەڵامی بانگەشەکەی قوباد تاڵەبانیدا ڕای گەیاند: ”دەبێ نەیارەکانی پارتی فێر بن دژایەتیی پارتی، ڕق و فێڵ و گەلەکۆمەکی لە پارتی هیچی لێ سەوز نەبووە و هیچیشی لێ سەوز نابێت، پارتی دەیەوێ پارێزگای سلێمانی ئاوەدان بێ و بازاڕەکەی باش بێ، نەک بە دەست فرەکوێخاییەوە بناڵێنێ و بە دەست قۆرخکاریی ئەم باڵ و ئەو باڵ و ئەم بنەماڵە و ئەو بنەماڵەوە بناڵێنێت“.  دووپاتیشی کردەوە: ”هەندێک کەس دەڵێن دەسەڵاتی قۆرخکراو لە هەولێرەوە دەگێڕینەوە، پێمان سەیرە خەڵکانێک ڕوویان هەبێ ئەم قسەیە بکەن، با ئەوانە جارێ بچن دەسەڵاتی قۆرخکراوی ناو سلێمانی بۆ ئەو لایەنە بگێڕنەوە کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بردەوە و نەیانهێڵا دەسەڵاتی ئەم پارێزگایە وەربگرن. با جارێ بچن کێشەی ناوماڵ و ناو باڵ و ناو حزبەکەی خۆیان چارەسەر بکەن، ئینجا باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستان بکەن. کەسانێک نەتوانن کێشەی ناوخۆیی خۆیان چارەسەر بکەن، هەر رۆژەی باڵێک و کێشەیەکیان هەبێ، چۆن دەتوانن کێشەی کوردستانییان چارەسەر بکەن“.

هەر لەمبارەیەوە عەدنان کەرکوکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ھەرچەندە سەرۆک بارزانی، لەدەستپێکی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئاگاداری کردوونەتەوە کە بانگەشەیەکی نەرم و لەسەرخۆ بۆ لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن و ”تەشھیر بەھیچ لایەنێکی سیاسی نەکەین، بەڵام ئەو لایەنەنانەی کە لەپێناو چەند دەنگێکدا تۆمەتی جۆراوجۆر بۆ پارتی درووست دەکەن، ئێمە بەئارامی وەڵامیان دەدەینەوە“.

جەختیشی لەوە کردەوە: ”قوباد تاڵەبانی خۆی باش دەزانێ کە قۆرخکاری لە ھەولێر نییە و پارتی دەسەڵاتی قۆرخ نەکردووە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە یەکێتی لە سلێمانی دەسەڵاتی قۆرخ کردووە، تەنانەت ھێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە دایکی قوباد تاڵەبانییە، ”چەند بەڕێوبەرێکی حکوومی گۆڕیوە، بەبێ ئەوەی پرس بە قوباد تاڵەبانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات“. بۆیە داوای پرسیاری ئەوەی لە قوباد تاڵەبانی کرد، لە بەرامبەر گۆڕینی بەرپرسەکانی حکوومەت لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە، بۆچی قوباد تاڵەبانی دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار نەهێناوە؟ بۆیە داوای لێ کرد، پێش ئەوەی باسی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی قۆرخکراوی هەولێر بکات، دەسەڵاتە قۆرخکراوەکان لەلایەن دایکیەوە بگەڕێنێتەوە.